وێنەی مامۆستا رفێندراوەکە - وێنە: رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
"چوونەتە سەر ماڵەکەی"
ژنێکی مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی بۆکان رفێندراوە
964+
پێشەوا محەمەد
ماوەی چوار رۆژە ژنێکی مامۆستای کوردی خەڵکی بۆکان رفێندراوە و رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، تووندوتیژی بەرامبەر کراوە و چارەنووسیشی نادیارە.
ئەو مامۆستایە ناوی سووسەن حەسەنزادەیە و لە هەمانکاتدا چالاکوانی مەدەنی بووە.
رێکخراوی هەنگاو، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات رایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و لەوێ تووندوتیژییان بەرامبەر بەکارهێناوە و بە زۆر رفاندوویانە و ماڵەکەشیان پشکنیوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، ئەو مامۆستایە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و هیچ کام لە کەسوکارەکەی هەواڵیان لێی نییە.
ئەوە یەکەم جار نییە هێزە ئەمنییەکانی ئێران مامۆستایانی زمانی کوردی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر بکەن، زارا محەمەدی یەکێک لە ناودارترین دەستگیرکراوەکان بوو.
دوێنێ شەممەش سۆما پوورمحەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە 11 ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ شاری کرماشان سزا درا.