پەیامنێری 964ی لەگەڵدایە
ئەمڕۆ 15 رۆژنامەوان خەڵات دەکرێن
964+
بەهرە محەمەدئەمین
لە فێستیڤاڵێکدا ئەمڕۆ لە هەولێر 15 رۆژنامەوانى بوارە جیاوازەکان لەسەر ئاستى کوردستان وەک رۆژنامەوانى ساڵ خەڵات دەکرێن.
فێستیڤاڵەکە ناوی چڵەنێرگزە و رێکخراوی پەیامنێران کە لە بواری داکۆکی مافی رۆژنامەنووسان و گەشەپێدانی تواناکانیان کاردەکات، ئەنجامی دەدات.
فێستیڤاڵەکە، ئەمڕۆ شەممە 18.5.2024 کاتژمێر 6:00ـى ئێوارە لە هۆڵی میدیا بە ئامادەبوونى نوێنەر و کونسوڵگەرى وڵاتان بەڕێوەدەچێت، جگە لە خەڵاتکردنی رۆژنامەوانان چەند چالاکییەکی دیکەی هونەری و میوزیکیش پێشکەش دەکرێن.
هۆزان قادر، سەرۆکی رێکخراوەکە، بە 964ـى وت، لە رێگەی لیژنەیەکەوە کە مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی میدیایین، لە هەر بوارێکدا چەند رۆژنامەوانێکی باشیان لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان دەستنیشانکردووە و سیڤیەکیان لە کار و چالاکییە رۆژنامەوانییەکانیان بۆ دروست کردوون، “ئەمڕۆش باشترینی ئەو باشانە خەڵات دەکەن”.
وتیشی، ئەمە یەکەم ساڵە ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوەدەبەن، پلانیشیان وایە بیکەین بە ساڵانە و ساڵی داهاتوو لە سلێمانی دەبێت.
بە قسەی سەرۆکی رێکخراوەکە،”15 رۆژنامەوان لە بوارەکانی جەنگ، بنکۆڵکاری، دۆکیۆمێنتاری، فۆتۆگرافی، هاوکاری مرۆیی و چەند بوارێکی دیکە خەڵات دەکەین”.
964 دەزانێت چوار لەو رۆژنامەنوسانەی خەڵات دەکرێن ژنن و یەکێکیان پەیامنێری 964ـە، بە قسەی هۆزان قادر، توانای رۆژنامەوانی و گرنگی کار و خزمەتەکانیان پێوەر بووە بۆ هەڵبژاردنیان نەک رەگەزیان.
رێکخراوی پەیامنێران سێ ساڵە دامەزراوە و لەو ماوەیەدا سێ راپۆرتی لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی دژی رۆژنامەنوسان ئەنجامدراون، بڵاوکردووەتەوە.
وەک ئەوەى باسى دەکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵی 2023دا پشتی بە داتاکانی رێکخراوى پەیامنێران بەستووە و ناویان هێناون.