ژمارەیەک منداڵی ئیشکەر لەسەر شەقام - وێنە: میدیاکان
دوو هەزار و 600 منداڵن
هەر خێزانێکى ئاوارە منداڵەکەى بنێرێتە سەر شەقام ئیقامەکەى هەڵدەوەشێنرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
لە شاری سلێمانی هەڵمەتی پاراستنی منداڵانی سەرشەقام راگەیەندرا و هەر خێزانێک منداڵەکەی بۆ ئیشکردن بنێرێتە سەر شەقام ئیقامەکەی هەڵدەوەشێندرێتەوە.
هەڵمەتەکە لەلایەن پارێزگای سلێمانی، قایمقام و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە و چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەچێت.
عومەر محەمەدەمین، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەپێی ئەو رووپێوییەی کراوە زیاتر لە دوو هەزار و 600 منداڵی ئیشکەر لە سلێمانی بوونیان هەیە.
وتیشی، “نزیکەی هەموو ئەو منداڵانە هی خێزانە پەنابەرەکانن کە هاتوونەتە سلێمانی و کار بە منداڵەکانیان دەکەن و دەیاننێرنە سەر شەقامەکان”.
لیژنەیەک لەو لایەنە پەیوەندیدارانە پێکهێندراوە و بەڵێننامە بەو خێزانانە پڕدەکرێتەوە جارێکی دیکە منداڵ نەنێرنەوە سەرشەقام.
“ئەگەر خێزان سەرپێچیی کرد ئەوا ئیقامەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و رەوانەی وڵاتی خۆی دەکرێتەوە”، ئەوەش قسەی عومەر محەمەدەمینە.