دیناری عێراقی. وینە :964
هەموو فەرمانبەران ناگرێتەوە
سبەی چوارشەممە دابەشکردنی موچەی مانگی چوار دەست پێدەکات
+964
ژووری هەواڵ
بەم درەنگانەی شەوە وەزارەتی دارایی هەواڵە خۆشەکەی راگەیاند: سبەی دابەشکردنی موچەی مانگی چوار دەست پێدەکات، بەڵام ئەو پارەیەی هەیە تەنیا بۆ موچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە، هێشتا نازاندرێت باقی فەرمانبەرانی تر کەی نۆرەیانە.
وەزارەتی دارایی لە کاتژمێر (11:22)ی ئەمشەو سێشەممە 14ی ئایار لەسەر فەیسبووک رایگەیاند سبەی موچە دەدرێت.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە ”نزیکەی ١٦٨ ملیار دینار بە سێ گوژمە وەک شایستەی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق”.
وەزارەتی دارایی دەڵێت ”موچەی ئەو چین و توێژانە دابەش دەکرێت کەلە بەغداوە تەمویلەکانیان گەیشتووە”.
بەغدا : موچەی مانگی چوارمان نارد
هەرچەندە وەزارەتی دارایی خۆمان هیچی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی دیکە نەوتووە، بەڵام بە حیسابی وەزارەتی دارایی عێراق بێت ئەویش لە ئان و ساتدایە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فەرمانگەی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند دەستکرا بە خەرجکردنی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم.
پەیجی وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە: پشتیوان بە رێنماییەکانی سەرۆک وەزیران و پاش رەزامەندی تەیف سامی وەزیری دارایی، پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، فەرمانگەی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی دەستیکرد بە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران و خاوەن پێداویستی تایبەت و موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی شارستانی و سەربازی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان.
964 لە هەواڵێکی پێشووتردا ئەوەی یەکلاکردەوە کە ئەمڕۆ یا سبەی بەغدا پارەکە دەنێرێت.
نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە 964ـى وت،”بەپێى بەدواداچوونەکانم لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق، پێیان وتم ئەمڕۆ یان سبەینێ پارەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم دەنێرین”.
هەر ئەمڕۆ سیپان شێروانى ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران بە 964ـى وت، لەم یەک دوو رۆژەدا بەغدا موچەى فەرمانبەرانى هەرێم رەوانە دەکات.