وەرزشکارێکى دێرینى هەولێرە
تاهیر سابیر گوڵباران کرا
964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
تاهیر سابیر، کەسایەتی و پاڵەوانی یاری بەرزکردنەوەی قورسایی، لە بەرامبەر زیاتر لە 25 ساڵ خزمەتکردنی وەرزشی هەولێر خەڵاتکرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 14.5.2024، لە هۆڵى میدیا بە ئامادەبوونى سەدان کەس لە وەرزشوانانى هەولێر و وەزیرى رۆشنبیرى، تەهیر سابیر وەرزشکارى دێرینى هەولێر و پاڵەوانى پێشوى بەرزکردنەوەى قورسایى، گوڵبارانکرا و خەڵاتى رێزلێنانى پێبەخشرا.
لەبەرامبەر ئەو رێزلێنانە، تاهیر سابیرى تەمەن 61 ساڵ بە 964ـى وت،”بەهۆى توشبوونم بە نەخۆشى ماوەیەک لە وەرزش و کارەکانم دورکەوتبوومەوە، بەڵام ئەمڕۆ بە پێدانى ئەو خەڵات و رێزلێنانە دڵخۆشبووم و ئێستا تەندروستیم باشە”.
تاهیر سابیر ساڵی 1963 لە هەولێر لە دایکبووە ، ساڵی 1977 لەسەر ئاستی باکووری عێراق لە یاری بۆکسێن پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت، دواتر دەستدەکات بە یاری بەرزکردنەوەی قورسایی تا ساڵى 1991 بەدەوام دەبێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح