964+
حکومەتى هەرێم داهاتى نانەوتى نەناردووە
“لەم هەفتەیەدا موچەى زۆربەى وەزارەتەکان دێت”
964+
وریا فەتاح
بە قسەى ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەران بێت، ئەم هەفتەیە بەغدا موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەنێرێت، ئاشکراشى دەکات کە هەرێمى کوردستان داهاتى ناوخۆ نانێرێت.
سیپان شێروانى، ئەندامى لیژنەى ئابورى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە 964ـى وت،”ئەوەى بەغدا دەیکات بەهانەگرتنە بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێم و ئامانجەکەیان بێزارکردنى فەرمانبەرانە ئینجا موچە دەنێرن”.
دەشڵێت، هەمان بڕیار و رێککەوتنى مانگەکانى رابردووە و هیچ شتێک نەگۆڕاوە، بۆچى پێشتر ناردیان یان بۆچى ئیستا دواى دەخەن.
بە وتەى ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى نوێنەران بێت، ئەوەى بەدەست ئەوان گەیشتووە لەم هەفتەیەدا وەزارەتى دارایى عێراق موچەى فەرمانبەرانى هەرێم دەنێرێت، وەک ئاشکراى دەکات، ئەگەر موچەى هەموو وەزارەتەکانیش نەنێرێت، موچەى بەشێکى زۆر لە وەزارەتەکان دەنێرێت.
“بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى هەیە کە دەبێت هەموو مانگێک موچەى فەرمانبەرانى هەرێم هاوشێوەى فەرمانبەرانى عێراق بنێردرێت، بەڵام ئەوان پێشێلى ئەو بڕیارە دەکەن و ئامانجیان بێزارکردنى موچەخۆرانە ئەگینا دەبوایە ئیستا موچەى مانگى پێنجیان بناردبا نەک مانگى چوار”، سیپان شێروانى واى وت.
لەبارەى داهاتى ناوخۆشەوە، سیپان شێروانى نەیشاردەوە کە حکومەتى هەرێم داهاتى ناوخۆ نانێرێت، چونکە وەک خۆى دەڵێت، بەشى هەرێم لە بودجەدا 16 ترلیۆنە، موچەى ساڵێکى فەرمانبەران کەمترە لە 11 ترلیۆن دینار بەمەش 5 ترلیۆن دەمێنێتەوە، هەرچەندە داهاتى ناوخۆى هەرێم ناگات بە 5 ترلیۆن، بەڵام ئەوان بەهانە دەگرن بۆ ئەوە و دەیانەوێت هەرێمى کوردستان یەک دینارى پێنەبێت ودواتر بەهانەیەکى دیکە بە هەرێم بگرن.