حاسڵاتی کوردستان
پێنج هەزار سەربازی تورکیا کوژراون و وەزعی رۆژئاواش باش نییە
+964
ژووری هەواڵ
رێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ دەڵێن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەڵمەتەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ چەسپاندنی زۆرەملێی حیجاب، لە هەندێ ناوچە درۆن بەکارهێنراوە بۆ تۆمارکردنی وێنەی ئەو ژنانەی حیجاب ناپۆشن.
میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێن تەنیا لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا نزیکەی پێنج هەزار سەربازی تورکیا بەدەستی گەریلاکانیان کوژراوە، بۆ ئەمساڵ حکومەتی تورکیا دەیەوێت چەند سیناریۆیەک ئامادە بکات و ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی لە رایگشتی بشارێتەوە.
بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێن: حکومەتی سوریا ئابڵوقەی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی خستووەتە سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری، بەو هۆیەوە قەیرانن داوودەرمان دروست بووە.
پارتی کرێکارانی کوردستان ناوو زانیاری لەبارەی دوان لە گەریلاکانی ئاشکرا کرد کە دەڵێت لە خواکوڕک بە دەستی سوپای تورکیا گیانیان بەخشیوە، دوو سەربازەکە یەکێکیان ناوی مەروان زێرەڤانە و ئەوی دیکەیان تووفان کۆچەرە.
رێکخراوی هەنگاو دەڵێت لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا پێنج هاوڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەردوو شاری سەردەشت و بۆکان بە دەستی ئیتڵاعاتی ئێران دەستگیرکراون، هۆکاری دەستگیرکردنیان پەیوەندی بەوەوە هەیە لە ئاهەنگەکانی نەورۆز بەشدارییان کردووە.
جوتیارانی کۆبانێ لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستیان کردووە بە دورینەوەی بەرهەمی جۆ، دەڵێن ئەمساڵ بەراورد بەپار بەرهەمەکەیان زۆر کەمترە، ئەمیش بەهۆی کەمی باران بارین و ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە ناوچەکە کردووە.