شۆفڵ و گەڵابە بۆ دوو سایدی فیدڕاڵی کۆیە گەڕانەوە
964+
گۆڤەند فەتاح -کۆیە
“گرنگیی ئەو رێگەیە ئەوەیە کە گەڕەکەکانی دۆلاراوە و شەهیدان و جەوهەراوە بە گەڕەکەکانی ئازادی، زانکۆ و چیای هەیبەت سوڵتان دەبەستێتەوە، هەروەها هاتوچۆی گەشتیاران کە لە هەولێرەوە دەچن بۆ سلێمانی و بە پێچەوانەوە، بێ ئەوەی بچنە ناو سەنتەری شاری کۆیە ئاسان دەکات و بە زووترین کات لە کۆیە دەردەچن”.
ئەوە ئامانجەکانی دوو سایدی رێگەی فیدڕاڵە لە کۆیە، کە نزیکەی پێنج جار بەهۆی خەرجنەکردنی گوژمە پارەکانی بۆی لە کارکردن راوەستاوە، کە بڕی دابینکردنەکەی پێنج ملیار دینارە.
ئەمڕۆ دووشەممە 13.5.2024، عەلی شوکر، خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە ئەو بە 964ی وت، “بڕیارمانداوە تاوەکو 1.11.2024 پڕۆژەکە تەواو بکرێت، بەو مەرجەی حکومەت پێشینەی مانگانەی پڕۆژەکە خەرجبکات بۆ کۆمپانیاکە، گەر بۆمانی خەرجنەکرێت کارەکان جارێکی تر دەوەستێت”.
وتیشی، “پڕۆژەکە زۆری نەماوە لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، دروستکردنی پردێک ماوە لەگەڵ، قەرەبووکردنەوەی ئەو ماڵانەی کە لەسەر رووبەری پرۆژەکەن”.
دوای گردبوونەوەکانی ئەم دوایەی بەردەم بازگەی تۆپزاوا و ڕێگەگرتن لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەکان، ئەم پڕۆژەیە بە خێرایی دەستی پێکردەوە، چونکە “پێشتر ئەم ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانە ئەو رێگەیەیان بەکاردەهێنا”.
ئەم رێگەیە دەکەوێتە بەشی خۆرهەڵاتی شاری کۆیەوە، کە شەقامی سەرەکی سلێمانی بە هەولێر دەبەستێتەوە و ئەوانەی گەشت دەکەن دەتوانن بەکاریبێنن بێ ئەوەی بگەڕێنەوە سەنتەری شار.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا