کارمەندێک خەریکی چێککردنەوەی بۆرییەکانی نەوتە لە بەندەری جەیهان. وێنە: Reuters
84 دۆلارى تێپەڕاند
بەم هەینییە نرخى نەوت بەرز بووەوە
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ هەینى لەگەڵ کردنەوەى بازاڕى جیهانی، نرخى نەوت 84 دۆلارى تێپەڕاند ئەوەش دواى ماوەیەک لە دابەزینى بەردەوام.
بازاڕى نەوت بە جۆرێکە لە رۆژانى رابردووى مانگى ئایاردا بەردەوام لە دابەزیندا بوو، بەڵام وا دوو رۆژە بەرەو بەرزبوونەوە هەنگاو دەنبێت.
بەپێى داتاکانى بازاڕى جیهانى، بۆ ئەمڕۆ نرخى یەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت بە 84 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت نرخەکەی بەرێژەی 0.50% بەرزبووەتەوە.
هاوکات، نرخى یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا گەیشتووەتە 79 دۆلار 80 سەنت کە بە رێژەی 0.54% لە چاو کاتی داخستنی بازاڕەکان لە دوێنێدا بەرزبووەتەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی جەی پی مۆرگان، تێکڕای بەکارهێنانی نەوتی جیهانی لە سەرەتای مانگی نیسانەوە تا ئێستا گەیشتووەتە 101 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمترە لە چاو پێشبینییهكان.
ئەگەری راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل لەبەرامبەر رادەستکردنەوەی بارمتەکانی کە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، یەکێکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بەرزکردنەوەی نەوتی سعودیەیە لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە رێژەی نزیکەی سێ دۆلار .