بڵند و میوانەکانی باسی دەکەن
کێشەکانی دەنگ لە سینەما و میدیای کوردی چین؟
964+
ئەمجارە بڵند عەلی، دوو ئاشنا و لێزانی دەنگی هێناوەتە نێو پۆدکاستی سکرینشۆت، هەرچی پەیوەندی بەدەنگەوە هەیە لە کاری هونەریدا ئەحمەد ناتق و سەنگەر ئەمیر لەگەڵ بڵند باسی دەکەن.
سەرەتای گفتوگۆکان بە گەرمی لەسەر بوونی کەسانی ئەکادیمی لە بواری دەنگ دەستپێدەکات سەنگەر ئەمیر، لە سەرەتای قسەکانی باس لەوەدەکات لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی کە لە کۆلێژی هونەر خوێندوویەتی وانەیەکی تایبەتمەندی نەخوێندووە پەیوەندی هەبێت بە دەنگەوە، ئەحمەد ناتق خۆی ناگرێت و دەڵێت، بۆ بەشێک لە ئەکادیمییەکان دەرکەوتووە کە دەنگ گرنگ نییە و گرنگی پێ نەدراوە، بۆیە هەر وەک کێشە دەمێنێتەوە.
ئەحمەد ناتق، رەخە لە میکسی تەلەفزیۆنەکان دەگرێ و دەڵێ، سەرجەمیان لەیەک دەچن، ئێمە کە لەم دۆخەدا بین نازانم چی پێشکەوتنێکمان تۆمار کردووە، بڵند لێی دەپرسێ ئەی دەنگ لە سینەمادا بۆ دەرهێنەر گرنگ نەبێت خەڵک بڵێت چی ئەو وتی، گوێگر راهاتووە بە دەنگی خراپ، دەرهێنەرەکان هەر ئەوەندە کارەکەیان کرد، ئیتر بۆیان گرنگ نییە چۆن کردوویانە.
پۆدکاستەکە باسی گەرموگوڕی زۆری تێدایە، باش ئەوەیە کە بیبینن، بڵند عەلی بەرپرسی بەشی هونەری و بەرهەمهێنانە لە 964ی کوردی، دەرهێنەرێکی بەسەلیقیە و ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ میدیای هونەری و میدیای هەواڵی سەروکاری هەیە و خۆیشی چەند فیلمێکی دروستکردووەو وەک دەڵێن باش لە ئیشەکەی خۆی دەزانێت، ئێستا ئەم ئەزموون و لێزانیەی خۆی لە پۆدکاستێکدا جێکردووە و هەفتانە لە 964 لەگەڵ میوانەکەی گفتوگۆ و دەردەدڵ دەکەن و باسی کارە هونەرییە تازەکان دەکەن، میوانەکانیشی ئەو کەسانەن کە لەبوارەکەی خۆیاندا دەستڕەنگین و کارامەن، جا چ دەرهێنەر بن یان ئەکتەر، یاخود بەرهەمهێن و تیمە نادیارەکەی پشتی کامێرا.