حاسڵات

پەرلەمانی کەنەدا: سوپای پاسداران تیرۆریستە

+964

ژووری هەواڵ

لە ئێوارەی دوێنێوە شەپۆلێکی چڕی بەفربارین پارێزگاکانی وان و ئاگری و ئەرزەڕووم و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، دەزگای کەشناسی تورکیا مەزەندە دەکات تا رۆژی شەممە ئەو شەپۆلە بەردەوام بێت و دوای ئەوەش باران دەبارێت.

لە عەفرین هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ئەو پەیکەرەی کاوەی ئاسنگەریان لابرد، کە لە یەکێک لە گۆڕەپانە گەورەکانی شاردا داندرابوو، لە بری ئەو، پەیکەری چڵە زەیتونیان داناوە، پەیکەرەکەی کاوە دوایەمین هێمای کورد بوو لە شارەکە.

لە سنوورەکانی رۆژهەڵات دەست لە کۆڵبەران ناپارێزرێت، تەنیا لە نۆ رۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا 9 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون، بەم پێیەش لەسەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی ئەو کۆڵبەر و کاسبکارانەی کوژراون، گەیشتە 31 کەس، 200 کۆڵبەریش بریندار بوون.

کەسوکاری گیراوانی باکووری کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری دەم پارتی ویستیان لەبەردەم وەزارەتی دادی تورکیا گردبوونەوەیەک بکەن، بەڵام رێیان پێ نەدرا، کەسوکاری گیراوەکان داوا دەکەن لێبوردنی گشتی رۆڵەکانیان بگرێتەوە و لە زیندانەکان ئازاد بکرێن.

جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا باری نائاسایی نیشتیمانی وڵاتەکەی سەبارەت بە سوریا و رۆژئاوای کوردستان بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە، کۆشکی سپی دەڵێت رژێمەکەی ئەسەد و هاوپەیمانە روسی و ئێرانییەکانی مەترسین بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

پەرلەمانی کەنەدا بۆ جاری دووەم دەنگیدا بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێندرێت، بڕیارەکە بە هۆی رووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکرانییەوەیە، کە ژمارەیەک هاوڵاتی کەنەدی تێدابوون، کەنەدا، سوپای پاسداران بە خستنەخوارەوەی تۆمەتبار دەکات.