حاسڵاتی ئەمڕۆ

47 هەزار تۆن زەیتی بەسەرچوو خراوەتە بازاڕەوە

+964

ژووری هەواڵ

بەپێی چەند راپۆرتێکی بنکۆڵکاری دەرکەوتووە بڕی 47 هەزار تۆن زەیتی ماوە بەسەرچوو خراپ خراونەتە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، هەرچەندە کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک لە ئێران ئەمە رەت دەکاتەوەو دەڵێ تەنانەت یەک قەترە زۆیتی خواردن بێ پشکنین ناخرێتە بازاڕەوە.

لە رۆژئاوای کوردستان، ئێوارەی دوێنێ دوو گروپی چەکداری سەر بە تورکیا لە جندرێسی سەر بە عەفرین لە نێوان خۆیاندا بووەتە شەڕیان و سێ کەس بریندار بوون، شەڕەکە بەهۆی ئەوەوە بووە کە لەسەر داهاتی گومرگی یەکێک لە خاڵە سنورییەکان نەسازاون و پەلاماری یەکیان داوە.

لە ناوچەی سلۆپی شەرناخ کۆرسی زمانی کوردی کراوەتەوە بۆ بەرپرسانی شارەوانی و خەڵکی شارەکە، کۆمەڵێک کەس لە ناو جەرگەی باکوری کوردستان بە جلی کوردییەوە بەشداری کۆرسەکەیان کردووەو قەول وایە هەموو کۆتایی هەفتەیەک ئەم کۆرسانە هەبن.

پێنج رۆژە هیچ شتێک لەبارەی بەردین جەعفەری هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان نازاندرێت، بەردین رۆژی 3ی ئەم مانگە لەلایەن هێزێکی ئیتڵاعاتەوە گیراوەو لەو کاتەوە کەسوکارەکەی بە دوایدا وێڵن هیچ زانیارییان دەست ناکەوێت، دەوترێت بەهۆی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی نەورۆزدا دەستگیرکراوە.

لە شاری حەلەب و چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان قەیرانی قوڵی هاتوچۆی گشتی دروست بووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە حکومەتی سوریا بڕە سوتەمەنی ئەو ناوچانەی کەم کردووەتەوەو نرخی بەنزین و گازی گران کردووە.

درەنگانی شەوی رابردوو چەند چەنکدارێکی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر بینای دەم پارتی لە ناوچەیی بێرەجووکی ڕحا لە باکوری کوردستان، هێشتا نازاندرێ کێ ئەو کارەی کردووە، زیانی گیانی نەبووەو تەنیا بیناکە زیانی بەرکەوتووە.