دەڵێن: مەترسییان هەیە

بە خۆڵ رێگە لە هاتوچۆی بارهەڵگرەکانی نێوان تەق تەق و ئاشتی گیرا

964+

گۆڤەند فەتاح – تەق تەق

ژمارەیەک هاوڵاتی نیشتەجێی ناحیەی تەق تەق، رێگەی نێوان ناحیەی تەق تەق بۆ ناحیەی ئاشتی- یان بە رووی بارهەڵگرەکاندا بە خۆڵ داخست و گردبوونەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 7.5.2024، هاوڵاتییەکان رێگەکەیان داخست، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە هەوڵێکی هاوشێوەدا ژمارەیەک هاوڵاتیی نیشتەجێی شاری کۆیە، رێگەی نێوان کۆیە بۆ هەولێر- یان داخست، بە رووی بارهەڵگرەکاندا.

بڕوا نوعمان، هاوڵاتییەکی شاری تەق تەقە و بەشداری گردبوونەوەکەی کردووە ئەو بە 964ی وت، “رێگامان لەو بارهەڵگرانە گرت، بۆ ئەوەی گیانی ئازیزانمان سەلامەت بێت و دووربن لە رووداوی هاتوچۆ، هاتنی ئەو رێژە زۆرەی بارهەڵگرەکان لە رێگەیەوە جگە لە تێکچوونی قیری شەقامەکان، مەترسییەکی زۆری بۆ سەر ژیان و گیانمان دروست کردووە”.

دوای ئەوەی تەواوی رێگەکان بە رووی بارهەڵگرەکاندا داخران و شوێنێکیان نەماوە بۆ هاتوچۆکردنی ئەو بارهەڵگرانە لە نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر.

رۆژی دووشەممە، لە رێگەی نێوان کۆیە بۆ هەولێر، بە هۆی رووداوێکی هاتوچۆوە چوار هاوڵاتیی نیشتەجێی کۆیە گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆ هاوڵاتییانی شاری کۆیە رێگەی شارەکەیان بە رووی بارهەڵگرەکاندا داخست، پاش ئەوانیش هاوڵاتییانی تەق تەق- یش بەهەمان شێوە رێگەیان بەرووی بارهەڵگرەکاندا داخستووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

دیمەنی داخستنی رێگەی نێوان ناحیەی تەق تەق بۆ ئاشتی؛