دیمەنێک لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
هۆکار چییە؟
ماوەی 12 کاتژمێر هاتوچۆ لە پێشەنگەکانی ئۆتۆمبێل قەدەغە دەکرێ
ئەحمەد مستەفا
ئەنجومەنی پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، لە بڕیارێکیدا، “هاتوچۆی پیادە و ئۆتۆمبێلی لە کاتژمێر 8:00ی شەو بۆ 8:00ی بەیانی، لەناو پێشەنگەکانی ئۆتۆمبێل قەدەغە کرد” خاوەن پێشەنگایەک دەڵێت، “بۆ پێشگیرییە لە رووداوی نەخوازراو”.
ئەنجومەنی خاوەن پێشەنگەکانی ئۆتۆمبێل لە بڵاو کراوەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە 7.5.2024 داواشدەکات، “لە کاتی داخستنی پێشانگەکاندا پێویستە خاوەنەکانیان، دڵنیاببنەوە لە کوژاندنەوەی کارەبا، بە پێچەوانەوە هەر کەمتەرخەمییەک رووبدات خۆیان بەرپرسیار دەبن”.
لە بارەی بڕیارەکە، جەعفەر هەرکی، خاوەن پێشانگەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر بە 964ی وت، “لە رێگەی سکویرتییەکان، ئەنجومەنی خاوەن پێشەنگەکانی ئۆتۆمبێل، ئاگاداریان کردووین، کە بە ئۆتۆمبێل و پیادە شەوان تا بەیانی و بۆ ماوەی 12 کاتژمێر، لە نێوان 8:00ی شەو بۆ 8:00ی بەیانی، هاتوچۆ کردن لە ناو پێشەنگەکانی ئۆتۆمبێل قەدەغەیە”.
ئەو وتی، “ئەم رێکارە هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئاسایشی پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە رووداوی نەخوازراو، کە ئەنجومەنەکە پێیان باش بووە وەک رێکار، هاتوچۆ بە تەواوی قەدەغە بکات”.
پێشتر، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر بە 964ی وت، “بۆ ماوەی دوو مانگ پێشانگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر رۆژانی هەینی دادەخرێن”، ئەوەشی وت، “ئەم بڕیارە لەسەر داوای ئەنجومەنی پێشانگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بووە، بۆ رێکخستنەوەی کارەکانیان و هاوکات بۆ رێکخستنی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ناوچەکەیە، بڕیارەکە بەجۆرێکە ئەوەی پابەند نەبێت بڕی ملیۆنێک دینار سزا دەدرێت”.
پپێشانگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەونە شەقامی 100 مەتری هەولێر.