''دەرماڵەی بۆ خۆی بەستووە''

زانیاری نوێ لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی

964+

ژووری هەواڵ

ئەو سزایەی بۆ بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی دەرچووە پەیوەندی بە پۆستەکەی ئێستایەوە نییە، بەڵکو بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە کە بەڕێوەبەری پۆلیسی کارەبای گەرمیان بووە.

عەمید ئاسۆ محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بەوەکالەت بەپێی بڕیاری دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەمانگێک بەندکردن سزا درا، هەر زوو 964 رایگەیاند کە سزاکە بە هۆی ئەوەوە بووە کە لەکاتی ئەرکەکەی ماستەری خوێندووەو مۆڵەتی وەرنەگرتووە.

سەرچاوەیەک لەناو دادگاوە هەندێ زانیاری نوێی بە 964 دا، ”عەمید ئاسۆ بەشێکی سزاکەی لەسەر ئەوەیە دەرماڵەی بۆ خۆی بەستووە”.

ئەو سەرچاوەیە وتی ”عەمید ئاسۆ کاتێک بەڕێوەبەری پۆلیسی کارەبای گەرمیان بووە لە چەمچەماڵ، ساڵی 2020 ماستەری خوێندووەو مۆڵەتی وەرنەگرتووە، هەر ئەو کاتە چوار مانگ دەرماڵەی بۆ خۆی بەستووە، دوانیانی وەرگرتووەو دوانەکەی تر بەر پاشەکەوت کەوتووە، هەرچەندە دواتر ئەو دوو دەرماڵەیەشی لێ وەرگیراوەتەوە، بەڵام لە دۆسیەکەیدا ماوە”.

964 هێشتا دەقی بڕیارەکەی دادگای نەبینیوە کە ئاخۆ سزاکە لەسەر دۆسێی دەرماڵەکە بووە یاخود مۆڵەتەکە.

هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەو بارەیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو دەڵێت سزاکە پەیوەستە بە ”خوێندن و بەدەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر لەناو ھەرێمی کوردستان بێ وەرگرتنی رەزامەندی و مۆڵەتی خوێندن کە ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەکانی پەیوەست بەخوێندنە و ئەم سزای حوکمە پەیوەندی بە پۆست و کارکردنی لە بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانییەوە نییە”.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرچوو

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرچوو