مەزڵوم عەبدی: تورکیا هێرش دەکاتە سەر کۆبانێ

964+

توانا نەقی – هەولێر

هەسەدە پێشبینی دەکات تورکیا هێرش بکاتە سەر کۆبانێ و دەڵێ هەڕەشەکان بە جدی وەردەگرین و ئامادەشین بۆ ئاشتی لەگەڵ تورکیا…

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پێگەی ئەلمۆنیتۆری راگەیاندووە: ئەوان هەڕەشەکانی تورکیا بە جدی وەردەگرن، پێشبینی دەکەن لە مانگی شوباتدا تورکیا هێرش بکاتە سەر رۆژئاوا و بەتایبەت شاری کۆبانێ، کە مانایەکی گرنگی هەیە بۆ کورد لە جیهاندا.

دەشڵێت: تورکیا بەرەوە هەڵبژاردن دەڕوات، ئێمەش ئاگادارین کە رەجەب تەیب ئەردوگان، دەیەوێت پشتیوانی ناسیۆنالیستی کۆبکاتەوە و وادەزانێت جارێکی دیکە بە هێرشکردنە سەر رۆژئاوا دەتوانێت خزمەت بەو مەبەستە بکات.

هۆشداریشیداوە کە ئەنقەرە نابێت سزای کوردەکانی سوریا بدات، بەهۆی شکستی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی.

مەزڵوم عەبدی، دەشڵێت ” بەتەواوەتی خوازیاری ئاشتین لەگەڵ تورکیا، بەڵام ئامادەی هەموو رووبەروو بوونەوەیەکن بۆ پارێزگاریکردنی کوردانی رۆژئاوا.