لە تۆمارێکی دەنگیدا خۆی دەڵێت وایە

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرچوو

+964

ژووری هەواڵ

دادگا بڕیاری دا بە بەندکردنی عەمید ئاسۆ محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بۆ ماوەی یەک مانگ، خۆی دەڵێت پەیوەندی بە خوێندنی ماستەرەوە هەیە.

هەواڵی بەندکردنی بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی مقۆمقۆی زۆری دروست کرد، روون نەبوو بۆچی ئەمڕۆ دادگای سلێمانی بڕیاریداوە سزا بدرێت بە مانگێک بەندکردن.

964 چەند جارێک پەیوەندی کرد بە عەمید ئاسۆوە، بەڵام پەیوەندییەکە نایەت بەدەستەوە، یان مۆبایلەکەی داخراوە یان وەڵام ناداتەوە، بەڵام بەپێی ئەو تۆمارە دەنگییەی دەست 964 کەوتووە، عەمید ئاسۆ دەڵێت: دۆسێکە کۆنە و بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی ماستەری خوێندووە بەبێ ئەوەی مۆڵەت وەربگرێت، بۆیە بە یەک مانگ بەندکردن سزا دراوە.

ئەو دەنگە عەمید ئاسۆ محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی، پێدەچێت بۆ گروپێکی ناردبێت، بەم شێوەیە قسە دەکەت:

سڵاو کاکە گیان، ئەم کاتەتان باش برایانی بەڕێزم زۆر سوپاس بۆ خەمخۆریتان
وەڵا قەزیەیەکی کۆنە هی 2020ەم خوێندنی ماستەرەکەم کردووە بەبێ ئەوەی مۆڵەتی خوێندن وەربگرم، تەنیا ئەوەیە قەزیەکە.
ئیتر ئەمڕۆ دادگا بڕیاریداوە بە بەندکردنمان بۆ ماوەی مانگێک و زۆر ئاساییە.

خوێندن بەبێ مۆڵەت بۆ فەرمانبەری شارستانی سزای قورسی لەسەر نییە، بەڵام کارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆ بە کارمەندی سەربازی حیسابن و یاسای بەرزەفتی سەربازی دەیانگرێتەوە و رێوشوێنەکە بۆ ئەوان قورسترە.

964 هێشتا دڵنیا نییە لەوەی ئایا بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی سزاکەی بەسەر جێبەجێ دەبێت یان نا، چونکە هەندێجار ئەو سزایانە دەردەچن لەگەڵ راگرتنی جێبەجێکردنیدا.