"هه‌ر بۆ خۆشی شكاندبوونى"
له خانكێ كه‌سێك ده‌ستگیركرا دارى سه‌ر رێگاكانى شكاندبوون
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
كه‌سێك كه ژماره‌یه‌ك دارى سه‌ر رێگاكانى ناحیه‌ى خانكێی شكاندبوون، دره‌نگانى شه‌وى رابردوو له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیر كرا.
شكاندنى داره‌كان دوێنێ ئێواره بووه، دواى پێزانینى شاره‌وانى و ناحیه، چاودێریان خسته‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه و ده‌ستگیریان كرد.
زه‌رده‌شت شێخ شامۆ، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خانكێ به 964ـى وت، ئه‌و كه‌سه‌ى داره‌كانى شكاندوون، گه‌نجێك بووه و وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هیچ هۆكارێكى نه‌بووه بۆ شكاندنى ئه‌و دارانه و ده‌ڵێت “هه‌ر بۆ خۆشی شكاندوونى”.
وتیشی “كاتژمێر 2:30 خولەکی دره‌نگانى شه‌وى رابردوو ئه‌م گه‌نجه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیر كرا”.
بە قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه گه‌نجه‌كه نزیكه‌ى چوار دارى له‌سه‌ر رێگاكان شكاندبوو.
به پێی یاسای پاراستنى دارستان و پاوان به ژماره 10ـى ساڵى 2012 له مادده‌ى چواره‌م و خاڵى سێیه‌میدا هاتووه، هه‌ڵپاچین یان قه‌ڵه‌مكردنى دارودره‌ختى دارستانه‌كان، یان بڕینه‌وه‌ى، كه ببێته هۆى زیانگه‌یاندن و شێواندنى، سزاى زیندانیكردن یان پێبژاركردنى له‌سه‌ره.