پزیشکەکە قسە بۆ 964 دەکات
چۆن کۆرپەلەیەکى شێواو لە سکى منداڵێکى سێ مانگیدا دەرهێنرا؟
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
ئەو پزیشکەى لە نەخۆشخانەى ژنان و منداڵانى کەرکوک نەشتەرگەرییەکى دەگمەنى بۆ منداڵێکى تەمەن سێ مانگ ئەنجامدا و کۆرپەلەیەکى شێواوى لە سکى دەرهێنا، قسە بۆ 964 دەکات و زانیارى لەبارەى حاڵەتەکەوە ئاشکرا دەکات.
دکتۆر.عادل عەبدول مەجید بەیاتى، پزیشکى پسپۆڕى نەشتەرگەرى منداڵان و کۆرپەلە بە 964ـى وت،”توانیمان نەشتەرگەرییەکى دەگمەن بە سەرکەوتووى بۆ منداڵێکى تەمەن سێ مانگ ئەنجام بدەین کە لە ماوەى رابردوو بەدەست رشکانەوە و قەبزى و ئازارەوە ناڵاندوویەتى”.
ئەو باس لەوە دەکات، منداڵەکە بەردەوام سکى گەورە دەبوو لە سۆنار و تیشک دەرکەوت کە وەرەمێک لە سکیدایە، بۆیە بڕیاریانداوە نەشتەرگەرى بۆ بکەن و دواتر دەرکەوت کە کۆرپەلەیەکى شێواوە.
بەقسەى ئەو پزیشکە بێت، کۆرپەلەکە چەند پارچەیەک بووە، پەنجەى دەست و قاچى و پشت و دەماغى هەبووە و توکیشى لێ رواوە.
“لە جیهاندا ئێستا تەنیا 85 حاڵەتى لەم شێوەیە هەیە و لە هەر 500 هەزار دانیشتویەکیش یەک حاڵەتى ئاوا روودەدات و نەشتەرگەرییەکى ئاڵۆزە”، پزیشکەکە واى بە 964 وت.
دەشڵێت: تەندروستى منداڵەکە جێگیرە و بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنى.
داڕشتنەوە: وریا فەتاح