کێشەی سیاسی ناهێڵێت کۆمسیۆن و پەرلەمان بەیەک بگەن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم سێ نووسراوی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پەرلەمان کردووە، بەڵام کێشە سیاسییەکانی هەرێم رێگرن لە ئەنجامدانی.

رۆژی 23ـی کانونی یەکەمی 2019 وادەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم کۆتایی هات. کۆمسیۆنەکە دەڵێت: تا ئێستا سێ نووسراومان بۆ دانیشتن لەگەڵ پەرلەمان کردووە، بەڵام ئەنجام نەدراوە.

شیروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆینی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم بە 964+ـی راگەیاند: تا ئێستا سێ نووسراومان بۆ پەرلەمان کردووە بۆ دانیشتن و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی کۆمسیۆنەکە بە درێژکردنەوەی ماوەکەی یان هەڵبژاردنی کۆمسیۆنێکی نوێ.

ئاشکراشی دەکات، وا بڕیار بوو دوای پشووەکانی سەری ساڵ لەگەڵ پەرلەمان دابنیشین، بەڵام کێشە سیاسییەکانی هەرێم رێگرن لە ئەنجامدانی ئەو دانیشتنە.

لایەنە سیاسییەکانی هەرێم سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن لە کوردستان کێشەیان هەیە و بەو هۆیەشەوە ماوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵێک درێژکرایەوە.

“ئێمە هەرکات پەرلەمان ئاگادارمان بکاتەوە ئامادەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆمسیۆنین بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئامادە ببێت”، شیروان زرار وای وت.