هێڵی یەکی ئاوی دوکان – سلێمانی کێشەی پارەی هەیە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لەگەڵ ئەوەی 90٪ـی کارەکانی تەواو بووە، دیسانەوە بەهۆی گرفتی پارەدار کردنی بۆ چوار ساڵ دەچێت هێڵی ئاوی یەکەی دوکان سلێمانی تەواو نەکراوە.
تا ئێستا پەرەپێدانی هێڵی ئاوی یەکەی دوکان – سلێمانی چەندجارێک بەهۆی دابین نەکردنی بودجە بۆی وەستاوە، ئەوە چوار ساڵ بەسەر ئەو پەرەپێدانە تێدەپەڕێت هێشتا تەواو نەکراوە، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دەڵێت 90%ـی کارەکانی تەواو بوون، بەڵام کێشەی پارەیان هەیە بۆ تەواوکردنی.
ساڵی 2018 چوار ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی هێڵی یەکی ئاوی دوکان – سلێمانی تەرخان کرا. پڕۆژەکە تا ئێستا چەند جارێک بەهۆی نەبوونی پارەوە وەستاوە و لە ئێستاشدا هەمان کێشەی رووبەڕوو بووەتەوە.
ئەو هێڵە بۆ یەکەم جار ساڵی 1983 راکێشراوە. لە رێگەی سێ وێستگەی ترومپاوە سێ هەزار مەتر سێجا دەگەیەنێتە شاری سلێمانی.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە 964+ـی راگەیاند: بە تەواوکردنی کارەکانی پەرەپێدانەکە بڕی سێ هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ شاری سلێمانی زیاد دەبێت.
دەشڵێت؛ پڕۆژەکە کێشەی پارەی بۆ دروست بووە و ئەگەر بۆی دابین بکرێت بەر لە هاتنی وەرزی هاوین سوود لە پڕۆژەکە دەبیندرێت.
964+ لە زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییەوە دەزانێت، شاری سلێمانی پێویستی بە 500 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە لە وەرزی هاویندا، بەڵام توانای دابینکردنی 200 هەزار مەتر سێجایان هەیە.