ئاگادارى بۆ مەرگ

رووداوى گیان لەدەستدانى چوار شاخەوانەکە چۆن بوو؟

964+

وریا فەتاح

رۆژى 29 نیسانی 2024، رێکخراوى شاخەوانى سەگرمە لە هەژماری خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویانە،”رۆژى هەینى 3.5.2024، گەشتێکى شاخەوانى بۆ ناوچەى قەرەداغ- گوندى ئاوەسپى رێکدەخەین”، بەڵام بێ ئاگا لەوەى ئەو ئاگادارییە دەبێتە بانگێشتى مەرگى چوار شاخەوان.

لە ئاگادارییەکەدا باس لەوەکراوە، “هەربەڕێزێک ئارەزوی تێپەڕاندنی رێڕەوی ئاسنینی دەربەند مەسورانی هەبوو بۆ دیتنی حەوت تاڤگە جوانەکەی دەربەند مەسوران و سروشتی ناو دەربەندەکە دەتوانێ کەرەستەی پێویست ئامادە بکات بۆ بێبەش نەبونی لە دیمەنی ناو دەربەندەکە”.

دەقى ئاگادارییەکە:

+964صورة من منصة (شبكة):

تیمەکە لە 14 کەس پێکهاتبوون، کاتژمێر 6:15 خولەکى بەرەبەیانى رۆى 3.5.2024، لە بەردەم پارکى ئازادى بەرامبەر بازاڕى زارا کۆبوونەوە و کاتژمێر 6:30 خولەک، بەڕێکەوتن.

تیمەکە دوو گروپ بوون، جگە لە رێکخراوەکە گروپى شاخەوانى گەنجانى سەرکەش لەگەڵیان بەشدار بوون، لە بەیانییەکى زووى سلێمانى بەرەو قەرەداغ کەوتنەڕێ، بە ئومێدى سەرکەوتن بەسەر شاخ و بینینى حەوت تاڤگە جوانەکەى دەربەند مەسوران، بەڵام ئەوەى چاوەڕوان نەدەکرا روویدا، لە جیاتى بینینى تاڤگەکان و سەرکێشى بۆ سەرکەوتن، بە چوار تەرمەوە گەڕانەوە.

رێڕەوە ئاسنینەکەى دەربەندى مەسوران چییە؟

لەدواى رێڕەوى ئاسنینى گەلى گەڕەک لە خەرەندى رەواندز، دووه‌م رێڕه‌وى ئاسنینە لە هەرێمى کوردستان کە دەکەوێتە زنجیرە چیای سەگرمە و قۆپی قەرەداغ، کە لە رۆژى 10.5.2023به‌ رووى شاخه‌واناندا كرایه‌وه‌.

ئه‌و رێڕه‌وه‌ نوێیه‌ له‌ ده‌ربه‌ندى مه‌سورانه‌ كه‌وتووه‌ته‌ گوندى ئاوه‌سپی ناحیه‌ى سێوسێنانى سه‌ر به‌ قه‌زاى قه‌ره‌داغ .

درێژى گه‌شتكردن به‌ناو ئه‌و رێڕه‌وه‌دا حه‌وت هه‌زار و 600 مه‌تر دووجایه‌.

رێڕەوی ئاسنینی دەربەند مەسوران لە شەش بەربەست و تاڤگەی جوان و سه‌رنجڕاکێش پێکهاتووە، کە دەیان بەستێتەوە بەیەکەوە.

رووداوەکە چۆن روویداوە؟

بەپێى قسەى ئاریان شکاک، لێپرسراوى کارگێڕى یەکێتى شاخەوانان، دواى رووداوەکە چوونەتە شوێنەکە و ئەوەى زانیویانە ئەوەیە، تیمەکە بە رێڕەوە ئاسنینەکەدا سەرکەوتوون، بەڵام لە وێستگەیەکدا بارانى بەخوڕ دادەکات و دەبێتە هۆى دروستبوونى لافاو، یەکێک لە ئەندامانى تیمەکە دەخزێت و سێ لە ئەندامانى تیمەکە بەهانایەوە دەچن، بەڵام لافاوەکە هەرچواریان دەبات و دواتر هەرچواریان گیانیان لەدەستدا.

لە رووداوەکەدا، سەرۆکى گروپى شاخەوانى گەنجانى سەرکەش یەکێک دەبێت لەو چوار شاخەوانەى کە لە رووداوەکەدا گیان لەدەستدەدەن.

“هۆکارەکە کەمتەرخەمى شاخەوانەکان بووە”

رەوف کەمال، قایمقامى قەرەداغ بە 964ـى وت،”ئەوەى روویداوە کارەساتە و هۆکارەکەش کەمتەرخەمى شاخەوانەکان خۆیانن، کەشناسى 15 رۆژە هۆشدارى دەدات کە لە سەرەتاى مانگەوە شەپۆلێکى بەهێزى باران بارین ناوچەکە دەگرێتەوە، بەڵام ئەوان گوێیان بە هۆشدارییەکان نەداوە”.

بەوتەى قایمقامى قەرەداغ، ئەوان ئاگادارى هاتنى ئەو گروپە نەبوون، ئەگەر ئاگادار بوونایە رێگەیان نەدەدا لەو کەشەدا بچنە ئەو شوێنە، چونکە وەک رەوف کەمال دەڵێت،”دەبوو ئاگاداریان کردباین، چونکە ئێمە شارەزاى جوگرافیاى ناوچەکەین، بەڵام ئەوان بەبێ گوێدانە ئەوە چوون بۆ شوێنەکە و ئەو کارەساتەى لێکەوتەوە”.

“گروپە شاخەوانییەکە، لە شوێنێکى سەخت تووشى رووداوەکە بوون، بەڵام یەکێک لە ئەندامانى تیمەکە تەلەفون بۆ ناوەندى هاوبەشى قەیرانەکان  JCC، دەکات و تیمە فریاگوزارییەکان لە پۆلیس و ئاسایش و بەرگرى شارستانى قەرەداغ بە هانایانەوە دەچن و تەرمى شاخەوانەکان بە کۆپتەر گوازرانەوە”، قایمقامى قەرەداغ واى بە 964 وت.

هەرچوار شاخەوانەکە گیانیان لەدەستداوە

هەرچوار شاخەوانەکە گیانیان لەدەستداوە