ئەمساڵ بەرهەم زیادی کردووە

“خەڵک ناوی خۆیان بۆ کڕینی پاقلەی فەرەنسی نووسیوە”

+964

هیڤی دێوالی-دهۆک

بەهۆی بارانبارینی ئەمساڵ بەرهەمی پاقلە  لە پارێزگای دهۆک زیادی کردووە، بەڕێوەبەری گشتیی کشتۆکاڵی دهۆکیش دەڵێت ئەمساڵ سێ هەزار و 534 تۆن پاقلە بەرهەمهێنراوە.

لە هەرشەش قەزای پارێزگای دهۆکدا پاقلە دەچێنرێت، زۆربەی جوتیاران پاقلە  لە قەزای بەردەڕەش دەچێنن، ئەمەش بەهۆی شوێنی ناوچەکە، کە دەشتە و بۆ پاقلە گونجاوە.

دوو جۆر پاقلە لە پارێزگای دهۆک  لە زۆربەی ناوچەکان دەچێنرێت، پاقلەی خۆماڵی و پاقلەی فەرەنسی، زیاتر خواست لەسەر پاقلەی فەرەنسی هەیە، چونکە دەنکەکەی درێژتر و باشترە، لە کاتێکدا پاقلەی خۆماڵی دەنکەکەی بچووکتر و بەتامترە، هەروەها لە رووی نرخەوەش جیاوازن.

حاجی دوسکی خاوەن عەلوەی میوەیە لە دهۆک و بە 964ـى وت، خواست لەسەر پاقلەی فەرەنسی زیاترە، چونکە دەنکەکە  درێژە و کیلۆیەک لە نێوان سێ هەزار بۆ دوو هەزار و 500 دیناردایە، پاقلەی خۆماڵی نرخەکەی  نێوان دوو هەزار بۆ  هەزار دینارە بۆ هەر کیلۆیەک.

وتیشی، لەم هەفتەیەدا رۆژانە زیاتر لە 50 کیلۆ پاقلە هێناوە و هاوڵاتیان خواستی زۆریان لەسەرە و بە لیست ناویان دەنووسم ، پاقلە  دەکڕن و بۆ وەرزی زستان لە ناو بەفرگردا هەڵیدەگرن.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتۆکاڵی دهۆک بە 964ـى وت، ساڵانە چاندنی پاقلە لەلای جوتیاران زیاد دەبێت و دوو جۆریش هەن  بۆ بەرهەم، “پاقلەی سەوز و پاقلە بۆ وشکردنەوە”، ئەمساڵ پاقلەی سەوز دوو هەزار و 356 دۆنم چێندراون، بەرهەمی سێ هەزار و 534 تۆن بووه.

وتیشی، رووبەری پاقلە بۆ وشکردنەوە، 790 دۆنم چێندراوە، پێشبینیش دەکەین بەرهەمهێنان بگاتە زیاتر لە 1500 تۆن پاقلەی وشککراوە.

964دەزانێت، بە پێی ئامارێکی ساڵی 2023 بەرهەمی پاقلەی سەوز لە پارێزگای دهۆک نزیکەی سێ هەزار تۆن  بوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

پاقله‌كه‌ى پردێ پێگه‌یشت و نرخیشی گونجاوه‌

پاقله‌كه‌ى پردێ پێگه‌یشت و نرخیشی گونجاوه‌