"هەڵەیان کردووە"

ژمارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان یەکناگرنەوە

+964

ئەحمەد عەبدوڵا

ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان بە پۆستێکی فەیسبووکدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق رەزامەندیی داوە لەسەر ئەوەی رۆژانە 620 تۆن گازی ماڵان بنێرێت، لەگەڵ راگەیاندراوەکەشیان وێنەی نووسراوی داواکارییەکەیان داناوە، کە داوای 300 تۆن بۆ هەولێر و 260 تۆن بۆ سلێمانی و 160 تۆنیان بۆ دهۆک کردووە کە کۆی گشتیی ئەو ژمارانە دەکاتە 720 تۆن.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا باس لەو ژمارەیە نەکراوە کە رەزامەندییان لەسەر داوە.

سەرچاوەیەک لە هێنان و بردنی غازی ماڵان لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بە 964ی وت، عێراق رەزامەندی لەسەر 720 تۆن گاز داوە بەڵام وەزارەت لە راگەیەندراوەکەیان هەڵەیان کردووە.

دوای ئەوەی شەوی هەینی، 26ی نیسان، بە درۆنێک کێڵگەی غازی کۆرمۆر پێکرا و چوار کارمەندی یەمەنی گیانیان لەدەست دا، جگە لە وەستانی بەرهەمهێنانی گازی ماڵان لە کێڵگەکە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەنراوێکدا وتی، بەهۆی ئەو هێرشەوە 2500 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە.

لە نوێترین زانیارییشدا، کە 964 دەستیکەوتووە، بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستیپێکردووەتەوە و تانکەرەکان بۆ وەرگرتنی غاز خۆیان ئامادەکردووە رووبکەنە کێڵگەکە.

راپۆرتی هێرشکردنە سەر کۆرمۆر دەدرێتە سوودانی

راپۆرتی هێرشکردنە سەر کۆرمۆر دەدرێتە سوودانی