"ئەوەی ویستیان پێیان دەکەن"

ژمارەیەک گەنج تیمی وەزارەتێک دەبەنە گوندی گۆپتەپە


عەزیز عەبدوڵا – گۆپتەپە

ژمارەیەک گەنجی گوندی گۆپتەپە، سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردنیان کرد و نیگەرانیان هەبوو، ئەمڕۆ سێشەممە 30.4.2024، تیمێکی رووپێوی وەزارەتەکە چوونە گوندەکە و بڕیاریانداوە رێگە بێ قیرەکانی گوندەکە قیرتاو بکەن و یاریگەی گەورەی گوندەکە نۆژەن بکەنەوە.

داواکاری ئەو گەنجانە لە گوندی گۆپتەپەی ئاغجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، بەهۆی چوونیانەوە بەڵێنی جێبەجێکردنی بەدوادا هات.

هونەر لادێی، یەکێکە لە گەنجەکان کە چووەتە وەزارەتەکە ئەو بە 964ی وت، چەندین ساڵە ئێمە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی، کۆدەنگییەک دروست بکەین لە پێناو بەدەستهێنانا خزمەتگوزاری بۆ تەواوی ناوچەکە و گوندنی گۆپتەپە بە تایبەتی.

بە قسەی ئەو، ئەمساڵ توانیویانە گروپی ئاشتی و برایەتی، کە رەنگدانەوەی خەڵکی ناوچەکەیە دروست بکەن و بەدواداچوونیان دەست پێکردووە بۆ گەیاندنی کەموکوڕی گوندەکەیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان.

گوندی گۆپتەپە یەکێکە لەو گوندانەی ناوی لەناو ناوانە بۆ کاریگەری کارەساتی کیمیاباران و ئەنفال، لەناو دەیان شار و گوند لە سەردەمی رژێمی بەعس، هونەر لادێی وتی، “گۆپتەپە خاوەنی زیاتر لە 400 شەهیدی کیمیاباران و ئەنفالە، بۆیە بە پێویستی دەزانین، ئاوڕی زیاترمان لێ بدرێتەوە و خزمەتگوزارییەکان زیاتر بکرێن بۆ سنوورەکەمان”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا