لە سۆران 

زیاتر لە هەشت هەزار قووتووی شیر دەستی بەسەردا گیرا

964+

ئاکام غەفوور – سۆران

لەناو سەنتەری سۆران و ناحیەی دیانا دەستبەسەر 450 کارتۆن شیری قەدەغەکراودا گیرا، کە لە جۆری “nutriholland”ـە و پێشتر لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی هەرێمەوە قەدەغە کرابوو.

ئەمڕۆ سێشەمە 30.4.2024 لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی سۆران دەستیان بەسەر ئەو شیرەدا گرتووە.

ئیسماعیل گوندەژۆری، بەرپرسی بەشی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی سۆران، بە 964ـی وت، “ئەو 450 کارتۆن شیرە لە 50 مارکێت و کۆگا دەستیان بەسەردا گیراوە و شیاوی خواردن نەبوون”.

وتیشی، “شیرەکە هۆڵەندییە و لە تەواوی هەرێم ئەو شیرە قەغەدە کراوە و شیاو نییە بۆ خواردن، پێشتریش خاوەنی کۆگاکانی شیر و نۆرینگەکان ئاگادار کراون لەوەی کە ئەو جۆرە شیرە قەدەغەیە بۆیە رێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.

بەپێی زانیارییەکانی 964، ئەو شیرەی دەستی بەسەردا گیراوە، 200 کارتۆنی قووتووی شیرەکە دەبڵ بووە، هەر کارتۆنەی 12 دانەیە و 250 کارتۆنیش قووتووی بچووک بووە و هەر کارتۆنێکی 24 دانەی تێدایە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد