لە لایەن حەوت خاوەن باخەوە
دارستانە سروشتییەکانی هەڵەبجە زیادەڕۆییان کراوەتەسەر
964+
عومەر فەتاح – هەڵەبجە
بەپێی زانیارییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، حەوت خاوەن باخ لە سنووری سەیرانگای چاوگ زیادەڕۆییان کردووەتە سەر دارستانە سروشتییەکان و شوێنە گەشتیارییەکان و سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و پێیان وتراوە دەبێت لە 10 رۆژدا زیادەڕۆییەکان نەهێڵن.
ئەمڕۆ سێشەممە 30.4.2024 گەشتوگوزاری هەڵەبجە، قایمقام و پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارەکە چوونەتە سەر شوێنی زیادەڕۆییەکە.
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە 964ـی وت، “ئێمە سکاڵامان بۆ هات لەوبارەیەوە، کاتێک خۆشمان چووین بینیمان حەوت خاوەن باخ تەلبەندی باخەکانیان کردووە و بەشێک لە زەویی گشتییان خستووەتە سەر باخەکانیان”.
بەوتەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، جگە لەو زەوییانە هەر لە سنووری سەیرانگای چاوگ ژمارەیەک هاوڵاتی موڵکی گشتییان داگیر کردووە بۆخۆیان و ئاوی کانیەکیان بە نایاسایی بردووە بۆ ئاودێریی باخەکانیان.
964 لە گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە دەزانێت، ماوەی 10 رۆژ بۆ سەرجەمیان داندراوە تا زیادەڕۆییەکان نەهێڵن و “ئەگەر پابەند نەبن لێپێچینەوەی تووندیان لەگەڵ دەکرێت”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد