"پێشتر ده‌بوایه‌ بچنه‌ ماڵه‌وه‌ و نه‌خوێنن"

بۆ یه‌كه‌مجار قوتابیانى نابیست بڕوانامه‌ى دبلۆمیان به‌ده‌ستهێنا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بۆ یەکەمجار له‌ هه‌ولێر، قوتابیانی نابیست بوونه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ى دبلۆم و بۆیان هه‌یه‌ له‌ قۆناغه‌كانى دیكه‌ى خوێندن درێژه‌ به‌ خوێندنه‌كه‌یان بده‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتیش ده‌ڵێت، دواى هه‌وڵێكی زۆر ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ ره‌خساندوون.

یوسف چاوشین، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى، به‌ 964ـى وت، پێشتر قوتابیانى نابیست نه‌یانده‌توانى له‌ پۆلى نۆ وه‌ زیاتر بخوێنن، به‌ڵام به‌هۆى هه‌وڵى به‌رده‌وامیان له‌رێگه‌ى وه‌زاره‌تى كار له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ ره‌خساندوون.

وتیشی،”ئەم ناهەقیە بەرامبەر بەم قوتابیانە وای لە ئێمە کرد هەوڵێکی زۆریان بۆ بدەین و رێگەی درێژەدان بە خوێندنیان بۆ بکەینەوە، ده‌نا ده‌بوایه‌ بچنه‌ ماڵه‌وه‌ و نه‌خوێنن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، دواى هه‌واڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان، تواندرا له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ سیاسه‌تى (دمج التربوی) تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ى په‌روه‌رده‌یی په‌سه‌ندبكرێت و قوتابیانى نابیست له‌و بێبه‌ش بوونه‌یان له‌ خوێندن رزگار بكرێن.

ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین ده‌سته‌ى قوتابیه‌ نابیسته‌كانه،‌ كه‌ له‌ سنوورى هه‌ولێر بڕوانامه‌ى دبلۆمیان به‌ده‌ستهێناوه‌ و له‌ قۆناغه‌كانى دیكه‌ش درێژه‌ به‌ خوێندنیان ده‌ده‌ن.

باسی له‌وه‌شكرد، قوتابیانى نابیست له‌ سنوورى پارێزگاكه‌یان خاوه‌نى باشترین مامۆستای زمانى ئاماژه‌ن و ئه‌م قوتابیانه‌ش بۆ له‌مه‌ودوا وه‌كو هه‌ر قوتابییه‌كی ئاسایی مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و درێژه‌ به‌ قۆناغه‌كانى خوێندن ده‌ده‌ن.

چاره‌نووسی پەیمانگەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت یه‌ك...

چاره‌نووسی پەیمانگەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌