داواکاری سوێد: لەسەر هەڵواسینی بوکەڵەکەی ئەردۆغان لێپێچینەوە ناکەین
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
داواکاریی گشتی سوێد رەتیدەکاتەوە لەسەر هەڵواسینی بوکەڵەیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ستۆکهۆڵم، لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک لایەنگری پەکەکە بکات، دەڵێت ھیچ کارێکی نایاساییان نەکردووە.
رۆژی 11ی کانونی دووەم لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، ژمارەیەک لایەنگری پەکەکە بوکەڵەیەکی ئەردۆغانیان سەرەوژێر بە راگرێکەوە هەڵواسی و ڤیدیۆکەیان بڵاوکردەوە، ئەمە تورکیای تووڕە کرد و باڵیۆزی سوێد لە ئەنقەرە بانگ کرا.
لوکاس ئێریکسۆن، داواکاری گشتیی سوێد دوێنێ دووشەممە وتی، “دۆسیەکەم وەک ناوزڕاندن پێگەیشت، بەڵام پێم وا نەبووە پەیوەندی بە ناوزڕاندنەوە هەبێت. بۆیە بڕیارم دا لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەستپێنەکەم.”
ئۆلف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد رۆژی هەینی، سەرکۆنەی هەڵواسینی بوکەڵەکەی کرد و وتی، کردەوەیەکی “تێکدەر” بووە لە دژی هەوڵەکانی سوێد بۆ چوونە نێو ناتۆ.
سوێد ماوەیەکە داوای رەزامەندی تورکیا دەکات بۆ ئەوەی بچێتە نێو ناتۆوە، ئەنقەرەش
رایگەیاندووە سوێد پێویستی بە هەڵوێستێکی روونتر هەیە بەرامبەر بەو شتانەی وەک بابەتی تیرۆر دەیانبینێت.