شارەوانى هەولێر بەردەوامە
زێدەڕۆییەکانى بازاڕى شێخەڵا لادران
964+
وریا فەتاح
شارەوانى هەولێر بە شەو و رۆژ لە هەڵمەتى رێکخستنەوە ناوبازاڕ لادانى زێدەڕۆییەکان بەردەوامە و هەر شوێنێکیش پابەند نەبێت، سزا دەدرێت.
درەنگانێکى شەوى رابردوو، تیمەکانى شارەوانى یەکى هەولێر و پۆلیسى شارەوانى، هەڵمەتێکیان بۆ لادانى زێدەڕۆیى و رێکخستنەوەى سەنتەرى شارو بازاڕى شێخەڵا ئەنجامدا.
هەڵمەتەکە لەسەر راسپاردەى سەرۆکى شارەوانى هەولێرە، لە مەودوا هیچ دوکاندار و کاسبکارێک نابێت لە دەرەوەی دوکانەکەی پەردە هەڵبواسێت و مێز و کەل و پەلەکان لەسەر شۆستەکان دابنێت.
بەقسەى کارزان عەبدول هادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر کە بۆ 964 قسەى کردووە، هەڵمەتەکانیان بۆ رێکخستنەوەى بازاڕ و شەقامە گشتییەکان بەردەوامى دەبێت و ئامانج لێى جوانکردنى سیماى شەقامەکان و کەمبوونەوەى مەترسییەکانى ئاگرکەوتنەوەیە.
چەند رۆژێکە شارەوانى هەولێر دەستى بە هەڵمەتێک کردووە بۆ لادانى زێدەڕۆییەکان و رێگریکردن لە هەڵواسینى پەردە لەلایەن دوکاندارەکان و رێکخستنەوەى سەرجەم یوتێرنەکان.
بە وتەى سەرۆکى شارەوانى هەولێر، ئەمجارە جدین و تیمەکانیان چاودێرى دەکەن، هەر دوکاندار و دەستگێڕ و لایەنێک پابەند نەبیت، سزاى دەدەن.