پەیجی حكومەت ڤیدیۆكانی یەكێتی تازە دەكاتەوە
+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
دوای كشانەوەی تیمی یەكێتی لە گرووپی واتسئەپی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیجی فەرمی حكومەت ڤیدیۆی وەزیرەكانی یەكێتی بڵاو دەكاتەوە، كە وەسفی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.
رۆژی یەکشەممە 15ـی کانوونی دووەم، دوای پەیامەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ، دارا رەشید وەزیری پلاندانان، ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کە دەستیشی لەکار کێشاوەتەوە، هەروەها تەواوی تیمی یەکێتی لە ئەنجومەنی وەزیران، گروپی واتسئاپی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشت.
رۆژی دووشەممە 16-01-2023، تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەت له راگەیهندراوێکدا بە تیمی یەکێتییان لە حکومەت وت، “بەشدارینەکردن لە هەندێک لە کۆبوونەوەکانی حکومەت و دەرچوون لە گرووپەکانی واتسئاپ، هەروەها ئامادەنەبوونتان بۆ چارەسەری کێشەکان و باسکردنی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، واتای راکردنە لە بەرپرسیاریەتی یاسایی و سیاسی و ئیداری.
پاش چوار كاتژمێر لە جێهێشتنی گرووپی واتسئەپ لە لایەن تیمی یەكێتیەوە، پەیجی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڤیدیۆی وەزیرەكانی یەكێتی لە پەیجەكەی بڵاو كردەوە، كە وەسف و ستایشی كابینەی نۆیەم دەكەن.
ڤیدیۆكان بە كوالێتی بەرز كراون لە چەند خولەكێكدا باس لە گرنگیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رۆڵ و پێگەی كابینەی نۆیەم دەكەن.
ئاڵۆزییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتوەتە ئاستێكی باڵا و بە جۆرێك، برێت مەكگۆرك نێردراوی كۆشكی سپی رۆژی دوو شەممە 16ی كانونی دووەم سەردانی هەرێمی كوردستان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستاندا كۆبووەوە.