حاسڵاتی ئەم ئێوارەیە

حەماس ڤیدیۆی دوو بارمتەی بڵاوکردەوە و حوسییەکان کەشتیەکی نەوت هەڵگریان کردە ئامانج

964+

ژووری هەواڵ

لە پەراوێزی کۆنگرەی ئابوری جیهانی لە ریازی پایتەختی سعودیە بەشێکی سەرکردەکانی جیهان چاویان لەوەیە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەزە بوەستێت. هەموو خاڵەکانی وەستانی شەڕ پابەندە بە ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل.

حەماس ڤیدیۆی دوو بارمتەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە، بارمەتەکان داوا دەکەن خۆپیشاندانەکان فراوانتر بکرێن بەرامبەر حکومەتەکەی ناتەنیاهۆ بە ئامانجی پەلە کردن لە گۆڕینەوەی دیلەکان، لەسەرەتای ڤیدیۆکە حەماس پەیامێک ئاراستەی گەلی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، سەرکەوتوو نەبوون بە شەڕ دیلەکان بگەڕێننەوە، دەبێت بە ئاڵوگۆڕ دیلەکانتان ببەنەوە.

ئەمڕۆ 204 رۆژ بەسەر هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەزە تێپەڕ دەبێت، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لەچەند ناوچەیەکی غەزە 32 کەس کوژراون و ژمارەی تێکڕای کوژراوان گەیشتە 34 هەزار و 388 کەس.

حوسیییەکانی یەمەن دەڵێن ئەمڕۆ شەممە کەشتی نەوت هەڵگری ئەندرۆمیدا ستاریان لەدەریای سوور کردووەتە ئامانج، بەڵام فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەڵێت، زیانێکی کەم بە کەشتییەکە گەیشتووە.

دوای ئەوەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە له‌ بۆردومانی فڕۆکەیەکی ئیسرائیل حەوت کارمەندی رێکخراوی ورد سەنتڕاڵ کیتشن کوژران، یارمەتیەکان لە قوبرسەوە بۆ غەزە وەستابوون، لە ئێوارەی دوێنێووە کەشتیەک کە خۆراک و پیتاکی ئیماراتی هەڵگرتووە لە قوبرسەوە بەرەو غەزە کەوتووەتە رێ.