لە دەڤەری بارزان

لەبەر ئەوەی گژوگیای بەهارەیان لە رەگەوە هەڵکێشا بوو 9 کەس دەستگیر کران

964+
ئاکام غەفور – سۆران

لە دەڤەری بارزان نۆ کەس دەستگیر کران کە گژوگیای بەهارەیان لە رەگەوە دەرهێنابوو.

ئەمڕۆ شەممە 27.4.2024 بەتالیۆنی ژینگە پارێزی بارزان، نۆ کەسیان دەستگیر کردووە، کە بڕێکی زۆر لە رێواس و سۆریاسیان لە رەگەوە دەرهێنابوو، دوای دەستگیرکردنیان گژوگیاکە دووبارە چێندرایەوە.

ملازم سدیق حەسەن، بەڕێوبەری راگەیاندنی بەتالیۆنەکە بە 964ـی وت، نۆ کەسمان دەستگیر کرد کە لەدەرەوەی دەڤەری بارزان هاتبوونە ناوچەکە بۆ کردنی گژوگیای بەهارە بە مەبەستی بازرگانی کردن و گژوگیایەکەیان لە رەگەوە دەرهێنابوو،.

وتیشی، “لەدوای دەستگیر کردنیان، گژوگیایەکەمان گەراندەوە ناو سروشت و دووبارە چاندمانەوە، ئەو کەسانەش لای ئێمە دەستبەسەرکراون و بەلێن نامەیان لێ وەردەگیرت کە کاری ئاوا دوبارە نەکەنەوە”.

ئەمساڵ لە سەرەتای مانگی ئازار کردنی گژوگیای بەهارە لە سنوری بارزان بە مەبەستی فرۆشتنەوەی لە بازاڕ قەدەغە کرا، بەپێی وتەی بەڕێوبەری راگەیاندنی بەتالیۆنەکە، ئەمساڵ چەند کەسێکی تر دەستگیر کراون لە سەر بازرگانی کردن بە گیای بەهارە، بەڵام یەکەمجارە بەم شێوەیە دەست بەسەر گیابەهاریەکان دادەگرن کە لە رەگەوە هەڵکێشرابن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

خەڵکی دۆڵی شاورێ رێگە نادەن بێگانە بچێتە ناوچەکەیانەو...

خەڵکی دۆڵی شاورێ رێگە نادەن بێگانە بچێتە ناوچەکەیانەوە