ئەمڕۆ کاتژمێر پێنجی ئێوارە

خانەی مەدا بۆنەیەکی تایبەت بۆ شاکارەکەی شێرکۆ بێکەس رێکدەخات

964+

ژووری هەواڵ

چاپی عەرەبیی شاکارەکەی شاعیری گەورەی کۆچکردوو شێرکۆ بێکەس ”گۆڕستانی چراکان” ئەمڕۆ لە دواهەمین رۆژی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب رێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ رێک دەخرێت.
هیوا مەحمود عوسمان، نووسەر و رۆژنامەنووس، رۆمانە شیعرییەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی، ئەمڕۆ کاتژمێر 5:00 لە گۆشەی مەدا دەبێت لە ناو پێشانگا، بۆ ئەوەی ئیمزای خۆی بخاتە سەر کتێبەکە.
هەموو ئەو کەسانەی حەز دەکەن کۆپییەکی کتێبەکەیان دەست بکەوێت بە ئیمزای وەرگێڕەکەیەوە، ئەوا ئەم ئێوارەیە باشترین دەرفەتە.

گۆڕستانی چراکان، رۆمانە شیعرێکی شاعیری دیار شێرکۆ بێکەسە لە زاری قوربانییەکانەوە چیرۆکی ئەو رۆژانە دەگێڕێتەوە کە کوردیان تێدا ئەنفال کرا، ساڵی 2004 شێرکۆ کارەکەی بڵاوکردەوە، دوای 20 ساڵ عەرەبیزانەکان لە زمانی گۆڕستانی چراکان تێدەگەن.
هیوا مەحمود عوسمان شاکارەکەی کردووە بە عەرەبی، چەند ساڵێکە پێوەی خەریکە و هەموو ئەو شاعیر و نووسەرە عەرەبانەی دەقە عەرەبییەکەیان بینیوە، وتویانە بە زمانێکی زۆر جوان و پاراو کراوە بە عەرەبی، بە تایبەتی کە هیوا مەحمود عوسمان چەند جارێکیتر شیعری شێرکۆ بێکەسی کردووە بە عەرەبی.
کتێبەکە “مقبرة القناديل” لە لایەن دەزگای مەداوە چاپکراوە و ئەمساڵ بۆ یەکەمینجار لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بڵاوکرایەوە.
پێشانگاکە رۆژی 17ی مانگ دەستیپێکرد و ئەمڕۆ 27ی نیسان دوا رۆژیەتی، ئەمساڵیش وەک پار 964 هاوبەشی میدیایی بوو.
هیوا مەحمود عوسمان لە پێشەکی چاپە عەرەبییەکەدا نووسیویەتی ”گۆڕستانی چراکان دواهەمین بەرهەمە کە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی، بەڵام لەبەر ئەو هەموو ناڵە و ئازار و ئاواتانەی لە خۆی گرتووە، وایکرد نۆرەبڕێی پێبکەم و بکەوێتە پێش بەرهەمەکانی دیکەم بۆ چاپکردن”.
وەرگێڕ بە دێڕێکی جوان کۆتایی بە پێشەکییەکەی هێناوە و دەنووسێت، “زمانی کوردی هێشتا لە پرسەی ئەنفالدایە، بەو هیوایەم زمانی عەرەبی بە شوێن وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بگەڕێت، کە ئەنفال چۆن و بۆچی روویدا؟”.
عەلی بەدر، کە نووسەرێکی دیاری عێراقییە، پێشەکی بۆ کتێبەکە نووسیوە و زیا عەزاویی نیارگارکێشی دیار، هەم بەرگەکەی نەخشاندووە و هەم بە پێی تێکستی ناو شیعرەکان چەند نیگارێکی بۆ کێشاوە.

لە پێشانگانى نێودەوڵەتى هەولێر بۆ کتێب رووبەڕووى هەوا...

لە پێشانگانى نێودەوڵەتى هەولێر بۆ کتێب رووبەڕووى هەواڵى فەیک دەبنەوە