داوایەکیان لە هاوڵاتیان هەیە
خەزان و تانکی و رێڕەوە ئاوییەکانی پارکی هەواری شار پاککرانەوە
964+
پێشەوا محەمەد
ئیدارەی پارکی هەواری شار لە سلێمانی هەڵمەتی پاککردنەوەی خەزان و تانکی و رێڕەوە ئاوییەکانی کۆتاییپێهێنا، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، بە جوانترین شێوە پارکەکە لە خزمەت سەردانکەرانیدایە.
بە قسەی فەرەیدوون عومەر بێت، کە بەڕێوەبەری پارکی هەواری شارە و بۆ 964 قسەی کردووە، 95%ـی کاری نۆژەنکردنەوەی پارکەکە کۆتاییهاتووە، کە زیاتر لە شەش مانگە لەگەڵیدا خەریکن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، رێڕەوەکان بەشێکیان گیرابوون و هەمووشیان پیس بوون، تانکی و خەزانەکانیش بەهەمان شێوە و هەموویان چارەسەر کران و ئێستا و ئاوو رێڕەوەکان پاکوخاوێنن و بۆنێکی خۆشیان هەیە.
ئەمساڵ چوار سێتی چوار تەوالێتی بۆ پارکەکە دروست کرا و وا بڕیارە کارمەندیان بۆ دابندرێت و بەردەوام با خاوێنی بهێڵدرێنەوە، هەروەها سیاجی پارکەکە تازە کراوەتەوە و کەرپستۆنی ناو پارکەکە نوێکراوەتەوە و نزیکەی دوو هەزار نەمامیشی تێدا رووێندراوە.
“ئێستا پارکەکە زۆر جوان و پاک و خاوێنە و هیواداراین هاوڵاتیان و گەشتیاران لە کاتی سەردانکردنیاندا هەم پاکوخاوێنی و هەم کەلوپەلەکانی ناوی لە شکان بپارێزن”.
پاركی هەواری شار، لەسەر رووبەری چوار هەزار و 400 دۆنم زەوی دروست كراوە، دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی.