بزانە بۆ

جوتیارانى گەرمیان دەستیان لەسەر دڵیانە باران نەبارێت

964+

وریا فەتاح

جوتیارانى گەرمیان چاویان لە ئاسمانە و دڵیان لە مشتیانە، دەترسن بارانێک ببارێت و رەنج بەخەساریان بکات، چونکە تا 1ـى 6، دەرگاى سایلۆ بەڕوویاندا ناکرێتەوە.

لە گەرمیان وەرزى دروێنەکردن لە سەرەتاى مانگى پێنجەوە دەستپێدەکات، بەڵام بڕیارە سایلۆى کەلار لە 1ـى 6ـى 2024 بکرێتەوە، بۆیە ئێستا جوتیاران گەنمەکەیان دروێنەکردووە و چاوەڕوانن سایلۆ بکرێتەوە.

رزگارى شەریف، جوتیارێکى ناحیەى رزگارییە قسەى بۆ 964 کردووەو وەک خۆى باسى دەکات، گەنمەکانیان لەو دەشتە کۆکردووەتەوە و دەستیان لەسەر دڵیانە باران نەبارێت دەنا رەنج بەخەسار دەبن.

سایلۆى گەرمیان لەرووى ئیدارییەوە سەر بە سلێمانییە، بەڵام لە سنورى سلێمانى لە دواى 1ـى 6ـى هەموو ساڵێکەوە وەرزى دروێنە دەستپێدەکات، هەر بۆیە جوتیارانى گەرمیان دەبێت زیاتر لە 25 رۆژ بوەستن تا گەنمەکەیان لێوەردەگیرێت.

کێشەیەکى دیکەى جوتیارانى گەرمیان ئەوەیە، رێگاى دوز و خوار و ناوەڕاستى بەغدایان لەسەر داخراوە و رێگەیان پێنادرێت گەنم هاوردە بکەن، ئەوەش زیانێکى دیکەیە کە بەر جوتیاران کەوتووە.

کاروان رەوف، بەڕێوەبەرى سایلۆى کەلار بە 964ـى وت،”ناتوانین تا 1ـى 6ـى 2024 سایلۆ بکەینەوە، چونکە سایلۆکەمان سەر بە سلێمانییە و لەوێش وەرزى دروێنە درەنگتر دەستپێدەکات و تائیستا نەکراوەتەوە”.

“هۆکارێکى دیکەش ئەوەیە، تائیستا حکومەتى عێراق ئەو بڕە گەنمەى دیارى نەکردووە کە لە هەرێمى وەردەگرێت، بەڵام بڕیارە سبەینێ لیژنەیەکى هەرێم بچێت و یەکلایى بکاتەوە”، کاروان رەوف واى بە 964 وت.

بەپێى ئامارى کشتوکاڵى گەرمیان بێت، ئەمساڵ لە سنورەکە 190 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهاتووە.

بەم شەوە خۆپیشاندان بەردەوامە

بەم شەوە خۆپیشاندان بەردەوامە