دیمەنی ئەو کەڕووەی بەرۆکی دار گەڵا مێووەکانی گرتووە _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
دۆکە دوژمنەکەی مێوە
کەڕوویەک بەرۆکی دار مێووەکانی گرتووە کە بۆ یاپراخ سەریان دەرهێناوە
964+
ئەحمەد مستەفا
دۆ بە یاپراخی گەڵا مێوەوە دووانەیەکی تام بەخشە لای هەوادارانیان، بەڵام ئێستا دۆکە ناوی جۆرێک لە نەخۆشییە و بەرۆکی دارگەڵا مێووەکانی گرتووە.
کەڕوویەکی رەنگ سپییە و ناوی “دۆکە” یە، نەخۆشیەکی ترسناکە و توشی مێو دەبێت و زیانێکی زۆری پێ دەگەیەنێت، ئەندازیارێکی کشتوکاڵ دەڵێت، “پێویستە خێزان و جوتیارەکان بە وردی چاودێری مێوەکانیان بکەن، لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی بە زووی چارەسەری بکەن”.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان وەختی پێگەیشتنی گەڵا مێوە، کە بە پلەی یەکەم خەڵک بۆ یاپراخ بەکاریدەهێنن و دەیخۆن، بەڵام ئەویش بەدەر نەبووە لە پێگەشتنی کەڕوو و نەخۆشی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19.5.2024، کۆسار هەورامی، ئەندازیاری کشتوکاڵ بە 964ی وت، “نیشانەکانی نەخۆشی کەڕوویی دۆکە لەسەر گەڵای مێو، ئێستا زۆر زۆر بڵاوە بۆیە ئاگادار کابانی ماڵ و خاوەن باخەکان دەکەین کە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە بکەن”.
بە قسەی ئەو ئەندازیارە، “ئێستا کە ئەگەری باران بارینیش هەیە، ئەگر ببارێ ئەوە کەڕووەکە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە”، ئەو رێنمایی جوتیار و خێزانەکانی کرد، “ئەگەر لە ماڵەوە کەپری مێوویان هەیە و ژێر کەپرەکە چیمەنتۆیە، نابێت بەهیچ شێوەیەک بە نیوەڕواندا تەڕی بکەن وە نابێت ئاو بەگەڵای مێووەکەدا بکەن”.
لە بارەی چارەسەری ئەو کەڕووە، “باشترین چارەسەر بەکارهێنانی یەکێک لە قڕکەرە کەڕوویە نوحاسیەکانە، بەتایبەت کبریتاتی نوحاس، یان کبروسات یان ئەلیل، ئەمانە زۆر بەهێزن نرخیشیان گونجاوە، هەروەها ئاودان دەبێت نەکرێت تاوەکو نەخۆشییەکە تێدەپەڕێنێت”، کۆسار هەورامی وای وت.