هه‌شتی حه‌سارۆك داوای جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كات

964+
مه‌ریه‌م ئه‌حمه‌د – هه‌ولێر

ئەمشەو “دووشەممە 16ـی كانوونی دووه‌م” دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی هەشتی حەسارۆك له‌ هه‌ولێر، لەسەر زەوییە ره‌ق و وشه‌كانیان گردبوونه‌وه‌، داوایان كرد خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆ زه‌وییه‌كانیان دابین بكرێت.

كارزان حوسێن، خاوەن زەوی لە هەشتی حەسارۆك بە 964+ وت “حه‌وت ساڵە پارچە زەوییه‌كم لە گەڕەكی هەشتی حەسارۆكان كڕیوە، بەڵام تا ئێستا خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ نه‌هاتووه‌، تەنیا شەقامێكی 60 مەتریان دروستكردووە، كه‌ زه‌وییه‌كه‌ی منیش چەند كیلۆمەترێك لەو شەقامە دوورە و چۆن ده‌توانم سوودی لێوه‌ربگرم”.

وتیشی “ئه‌مشه‌و لێرە گردبووینەوە تا داوای مافی خۆمان بكەین، هه‌روه‌ها داوای رێگەپێدانی زه‌وی 125 مەتریمان پێبدرێت بیكه‌ین به‌ خانوو”.

دانیشتووانی هه‌شتی حه‌سارۆك داوای مافه‌كانیان ده‌كه‌ن

شێروان مەجید، یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ خاوەن زەوییه‌كانی هەشتی حەسارۆكان.

ئه‌و بۆ 964+ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هاوڵاتی هەیە 20 ساڵە لە هەشتی حەسارۆكان زەوی كڕیوە، هەر چاوەڕێی خزمەتگوزارین، بەڵام دوای ساڵ و نیوێكیش لە بەڵێنه‌كان، كه‌چی تا ئیستا هیچ خزمەتگوزارییەكی سەرەتایی به‌م زه‌وییانه‌ نه‌گه‌یشتووه‌.

ئەوانەی خاوەنی زه‌وییه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆكانن، ژمارەیان زیاتر لە 17 هەزار كەسە، بەڵام تەنیا نزیكەی 50 كەس بە نوێنەری هاوڵاتیانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ بەشداریی گردبونەوەكەیان ئه‌مشه‌ویان كرد دەكەن، كه‌ چه‌ند پۆسته‌ر و لافیته‌یه‌كیان به‌و ده‌سته‌واژانه‌ هه‌ڵگرتبوو: “بەڵێ بۆ هێنانی كارەبا و رێگەپێدانی 125 مەتری”، “ئێمە خاوەن عه‌قارات نین، ئێمە كرێچی ژێر جەمەلۆنین”، “بەڵێ بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنی سەرۆكی حكومەت دوای یەك ساڵ و نیو”.

ساڵ و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر، له‌ 12-5-2021 مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خۆی سه‌ردانی زه‌وییه‌كانی گه‌ڕه‌كی هه‌شتی حه‌سارۆكی له‌ هه‌ولێر كرد، به‌ڵێنی دا كه‌ داواكاری خاوه‌ن زه‌وییه‌كان جێبه‌جێ بكات.