عێراق بە بەشە ئاوی ئێستا رازییە

“لەسەر رووباری زاپ عێراق و تورکیا بەنداوێکی هاوبەش دروستدەکەن”

964+
ئەحمەد مستەفا

بە قسەی پێگەی یەنی شەفەق- ی نزیک لە سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆگان بێت، ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق پێشنیارێکی تاوتوێ کردووە تا لەسەر یەکێک لە لقەکانی رووباری دیجلە بەنداوێکی هاوبەش دروست بکەن.

بەنداوە هاوبەشەکە، “لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا و لەناو خاکی عێراق دەبێت”، ئەویش لەسەر رووباری زابی بچووک، کە لقی دووەمی رووباری دیجلەیە و لەگەڵ رووباری خابوور و زابی گەورە، یەکێک لە لقە گرنگەکانی رووباری دیجلە پێکدەهێنن.

رووباری زاب، لە نزیک دەریاچەی وان لە تورکیا سەرچاوە دەگرێ و بە پارێزگاکانی وان و هەکاری تورکیادا تێدەپەڕێت، پێش ئەوەی بچێتە ناو پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان، هەروەها رووبارەکە بۆ سنوورێکی سروشتی نێوان پارێزگاکانی موسڵ و هەولێر فراوان دەبێت، زاب لەگەڵ رووباری دیجلە لە باشووری رۆژهەڵاتی موسڵ، لە نێوان قەزای گەیارە و ناحیەی شورا لە پارێزگای موسڵ یەکدەگرنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.4.2024، پێگەی یەنی شەفەق لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردەوە، “لایەنی تورکیا بە پڕۆژەی گرنگەوە چووەتە عێراق بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست یەنی شەفاق کەوتوون، یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی ناو هاوکارییە هاوبەشەکان، دروستکردنی بەنداوێکی هاوبەشە لەسەر ئاوی رووباری زاپ”.

پێگەکە ناوچەی دروستکردنی بەنداوەکەی ئاشکرانەکردووە، کە تورکیا بۆ عێراقی پێشنیار کردووە، تەنیا دەڵێت، “ئەگەر لایەنی عێراقی پڕۆژەکە قبوڵ بکات، تورکیا و عێراق بەنداوێکی هاوبەش لەسەر رووباری زابی بچووک دروستدەکەن”.

لە ناو ئەو پڕۆژانەی کە تورکیا بۆ عێراق پێشنیاری کردبوو، دامەزراوەکانی ئاودێری و وێستگەکانی کارەبای ئاویش بایەخی گرنگیان پێ دراوە، پێگەکە دەڵێت، “ زانراوە ئێستا لایەنی عێراقی رازییە بەو بڕە ئاوەی لە تورکیاوە دەردەچێت بۆ وڵاتەکە”.

رۆژی 22.4.2024، رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆمری تورکیا، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان- ی کرد، لە نێوان عێراق و تورکیادا 24 رێککەوتن واژۆکران، لەوانەش “رێککەوتنی چوارچێوەی هاوکاری لە بواری ئاو” و “رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی”، هەروەها پەیوەست بە سەرچاوەکانی ئاو رێککەوتنێک بۆ ماوەی 10 ساڵ واژۆکرا.

ئەردۆگان لە هەولێرە و لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆبوونەوەیا...

ئەردۆگان لە هەولێرە و لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆبوونەوەیان دەبێت