ئێستا پشیلەکانیش گەرماویان ھەیە

964+
دیلان محەمەد – سلێمانی


لە شاری سلێمانی چەندان گەرماوی تایبەت بە شۆردنی پشیلەکان کراونەتەوە و پزیشکێکیش دەڵێت، شۆردنی پشیلە زۆر قورسە و ھیچ ئاژەڵێک ھێندەی پشیلە ھیلاکیان ناکات.


کانی بەرزان پزیشکی ڤێتێرنەری بە 964+ی راگەیاند، چەندان نەخۆشی ھەن بەھۆی شۆردنەوە تووشی پشیلە دەبن، بە تایبەت لە وەرزی زستاندا سەرمای دەبێت و نەخۆش دەکەوێت و ھەندێک جاریش بەھۆی (شێ)وە پێستی تووشی کەڕوو دەبێت.


دکتۆر ئاکام غەفور، پزیشکێکی دیکەی ڤێتێرنەریە، بۆ 964+ی باسی ئەوەی کرد، دەبێت تووکی پشیلەکان ببڕدرێت و لە زستاندا کەمتر بشۆردرێن.


پەری عەلی، خاوەنی ئەو پشیلەیەکە و بە 964+ی وت، خاوەنی پشیلەیەکی شیرازیە و لەبەر ئەوەی تووکەکەی درێژە، سێ مانگ جارێک دەچێت تووکی کورتدەکاتەوە و دەیشوات، لەبەر ئەوەی پێی خۆشنیە ناوماڵەکەی پیس ببێت..


وتیشی:”پشیلەکەم تەمەنی ساڵێکە و بەردەوام خزمەتی دەکەین و لە خۆمان خۆشتر دەوێت، بۆیە بەردەوام کە دەیشۆین بە بەتانییەک جوان دەیپێچینەوە، بۆ ئەوەی سەرمای نەبێت تا دەیگەیەنینە ماڵەوە”.


ئەوەشی خستەڕوو، بوونی ئەو گەرماوانە زۆر باشە، لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە ناشۆردرێت و پشیلە زۆر ڕقی لە ئاوە، چەند جارێک ھەوڵمانداوە بەڵام بۆمان نەکراوە.