"سزای توند دەدرێن"
ئەوقافی هەولێر بەدوای نوشتەچی و جادو چییەکان دەگەڕێ
964+
ئەحمەد مستەفا
ھۆبەی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی ھەولێر داوایکرد، “مامۆستایانی ئاینی و کارمەندەکانیان هەر حاڵەتێکی هەبوونی، دیاردەی سیحر، جاد و نوشتەیان هەستپێکرد دەستبەجێ ئاگاداریان بکەنەوە”.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەڵێت، “توندرین سزا بۆ سەرپێچیکاران ئامادەیە”
رێکارەکەی ئەوقافی هەولێر، پشت بەستە بەرێنماییەکانی ژمارە (1) ی ساڵی 2023ی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی سەبارەت بە رێکارەکان لە دژی (دیاردەی سیحر، جاد، نوشتە و گیادەرمانییەکان و جن دەرکردن و شێوازەکانی).
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی ئەو بڵاوکراوەی ئەوقافی هەولێر بە 964ی وت، سەرجەم مامۆستایانی ئاینی و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاگادار کراونەتەوە، کە لە سنووری نیشتەجێبووی خۆتان ھەستیان کرد، بابەتی لەو شێوەیە ھەیە و ئەنجام دەدرێن دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئاگاداریان بکەن.
بە قسەی نەبەز ئیسماعیل بێت، “ئەو ئاگادارکردنەوە بۆ ئەوەیە، تاوەکو رێکاری یاسایی بەرامبەر ھەموو سەرپێچیکاران بگرنەبەر و توندرین سزا بدرێن، ئەو کەسانە کارمەندن بن یان ھاوڵاتی ئاسایی ئەوا هەمان رێکار دەیانگرێتەوە”.
رۆژی 11.7.2021، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێم نووسراوێكی فەرمی لە بارەی قەدەغەكردنی سیحر و نوشتە و جادووەوە ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کرد و داوایکرد،”ھەڵمەتێکی چڕ و ورد دەست پێ بکەن بۆ نەھێشتن و بنەبڕ کردنی دیاردەی نوشتە و سحر و جادوو و دەرکردنی جن لەلایەن ھەندێ کەسی بەرژەوەندی خوازەوە”.
ئاماژە بەوەشدرابوو،”داوا دەكەین هەڵمەتێكی چر و پڕ دەستپێبكرێتەوە و سەرپێچیکارانیش روروبەرووی یاسا بکرێنەوە” پاش ئەم داواکارییەی وەزارەتەکە دەزگای ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان هەڵمەتی فراوانیان ئەنجامدا و ژمارەیەک نوشتەچی و کەسانی فریودەر دەستگیرکران.