حاسڵاتی ئەم ئێوارە

عێراق و تورکیا 26 رێککەوتن و لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد

964+

ژووری هەواڵ

هاتنی ئەردۆگان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سودانی و واژۆکردنی 26 رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات بابەتی گەرمی ئەمڕۆی رووداوەکانی ناوچەکە بوو، دیارترینی واژۆکردنی رێککەوتنی پڕۆژەی ستراتیژی “رێگای گەشەپێدان” بوو لەنێوان عێراق و تورکیا و قەتەر و ئیمارات.

ئەمریکا پەلە دەکات لەگەیاندنی ئەو هاوکاریە 61 ملیار دۆلارەی لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا بۆ ئۆکراینا، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی پێشوو بەڕێوەری سی ئای ئەی وتی، ئەگەر ئەمریکا و رۆژئاوا یارمەتی ئۆکراین نەدەن لەمساڵدا شەڕەکە بەرامبەر روسیا دەدۆڕێنێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ حزبوڵا رایگەیاند، لەرێگای کاتیۆشاوە بۆردوومانی بارەگای لیوای سێ لە فیرقەی 91ی “عەین زیتیم”ی ئیسرائیلی کردووە و لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی ژێرخانی سەربازی و دوو باڵەخانەی حزبوڵای کردووە لە باشووری لوبنان.

رۆژنامەی نیۆرک تایمز لەزاری سێ بەرپرسی باڵای سەربازی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، فشارە دیبلۆماسییەکان هۆکار بوون لە کەمکردنەوەی قەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە هەینی رابردوو.

پەرلەمانی بەریتانیا هەمواری پڕۆژە یاسای رواندای بۆ ناردنی کۆچبەران رەتکردەوە و بەهۆی ئەوەی دەوترێت لەگەڵ واقعی جێبەجێکردن ناگونجێت.