3700 جوتیاری فه‌رمین
پێناچێت ئه‌مساڵیش جوتیارانى مه‌خمور به كارت پاره‌ى گه‌نمه‌كانیان وه‌ربگرن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌شی كشتو‌كاڵى مه‌خمور ده‌ڵێت، هێشتا ته‌واوى جوتیارانى سنوورى مه‌خمور نه‌بوونه‌ته خاوه‌ن كارتى بانكی بۆیه پێشبینى ده‌كرێت ئه‌مساڵیش وه‌رگرتنى پاره‌ى گه‌نمه‌كانیان به كاش بێت.
ئه‌م قسه‌یه‌ى مه‌ڕوان حسێن، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شی كشتو‌كاڵى مه‌خمور، دواى ئه‌وه دێت كه ئه‌مڕۆ لقی بانكى ره‌شید له‌و قه‌زایه ئاگادارى جوتیارانى كردووه‌ته‌وه كه سه‌ردانیان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ببنه خاوه‌ن كارتى بانكى.
مه‌ڕوان، به 964ـى وت، ئه‌گه‌ر ته‌واوى جوتیاران خاوه‌ن كارتى بانكى نه‌بن ناتوانن پاره‌كانیان له‌رێگه‌ى بانكه‌وه وه‌ربگرن.
وتیشی “پڕۆسه‌ى دروستكردنى كارت بۆ جوتیاران تا ئێستا ته‌واو نه‌بووه، بۆیه پێناچێت ئه‌مساڵیش هه‌موویان ببنه خاوه‌ن كارت و پاره له‌رێگه‌ى كار‌ته‌وه وه‌ربگرن”.
پێشتر مه‌ڕوان حسێن، به 964ـى وتبوو، ئه‌مساڵ جوتیارانی سنووره‌كه‌یان به‌شێوه‌ى ئه‌لیكترۆنى پاره‌ى به‌روبوومه‌كانیان وه‌رده‌گرن، به‌ڵام قسه‌كه‌ى له‌وه‌وه سه‌رچاوه گرتبوو ئه‌گه‌ر هه‌موویان ببنه خاوه‌ن ئه‌م كارته.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى كه كشتو‌كاڵى مه‌خمور به 964ـى داوه، ساڵى پار 260 هه‌زار تۆن گه‌نم له جوتیارانى سنوورى مه‌خمور و قه‌راج وه‌رگیراوه، به‌ڵام به‌پێی پێشبینى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره، ئه‌مساڵ رێژه‌ى وه‌رگرتنه‌كه زیاتر ده‌بێت.
له سنوروى مه‌خمور و قه‌راج، سێ هه‌زار و 700 جوتیار هه‌ن كه به‌فه‌رمى ناویان تۆماركراوه.