ئەمڕۆ دێتە عێراق و هەرێمی کوردستان

سەرۆکی تورکیا بۆچى دێت؟

964+

وریا فەتاح

دواجار، ئەو سەردانەى ماوەیەکە تورکیا و عێراق ئامادەکارى بۆ دەکەن، ئەمڕۆ دووشەممە دەگاتە مەنزڵ و بڕیارە سەرۆک کۆمارى تورکیا بگاتە بەغدا، تورکیا پەکەکەى دەوێت و عێراقیش ئاو.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوای 13 ساڵ سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق دەکات، لەسەر هێڵی بەغدا و هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆدەبێتەوە و تێیدا پرسی ئاسایش و پەیوەندی بازرگانی و ئاو تاوتوێ دەکرێت.

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، پێى وایە، “بازدانێکی چۆنایەتی” لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق روودەدات.

بە پێى قسەى باسم عەوادى، لەسەردانەکەى ئەردۆغاندا،”عێراق و تورکیا رێککەوتنێکی زۆر گرنگ و ستراتیژی لەسەر پرسی ئاو لە نێوان ئەردۆغان و سودانى واژۆ دەکرێت”.

لەلایەکى دیکەوە، بە وتەى وەزیرى بازرگانى تورکیا، سەردانەکە دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى قەبارەى بازرگانى بە شێوەیەک تورکیا مەبەستییەتى لە ماوەیەکى نزیکدا ئاستى هەناردەى تورکیا بۆ عیراق تا 15 ملیار دۆلار بەرز بکاتەوە و لەگەڵ تەواوبوونى رێگەى گەشەپێدان لە 2030 دا، هەناردەى تورکیا بۆ 20 ملیار دۆلارى ساڵانە بەرز ببێتەوە.

بە پێى ئەو کۆبوونەوەیەى لە 14.3.2024 لە بەغداد بەسترا کە تێیدا فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەتەوە و وەزیرى ناوخۆى هەرێمیش ئامادەى بوو، بەپێى راگەیەندراوێکى هاوبەشى هەردوولا بڕیاردراوە بە،”دروستکردنى لیژنەیەکى هاوبەش و هەمیشەیى بۆ بەرپەرچدانەوەى تیرۆر لە ناوچەکە“، بەپێى هەواڵى میدیا تورکییەکانیش لە هەگبەى ئەردۆغاندا ئەوە داواکارى سەرەکیی ئەنقەرەیە لە بەغداد.

پێشتر میدیاکانی عێراق و تورکیا وتبویان، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئەوەیە باس لە مەلەفی بەردانەوەی زیاتری ئاوی فورات و گەشەپێدانی بازرگانی و قەدەغەکردنی پەکەکە بکەن، تورکیا چاوی لەوەیە عێراق هاوکاری بکات بۆ ئەوەی پێکەوە لە پەکەکە بدەن.

ساڵی 2008 ئەوکاتەی ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو سەردانی بەغدای کرد، لەگەڵ مالیکی سەرۆک وەزیران و تاڵەبانی سەرۆک کۆمار کۆبووەوە، ئەوکاتیش داوای لێکردن پەکەکە قەدەغە بکەن، بەڵام هیچیان گفتیان پێی نەدا، ئێستا دوای 16 ساڵ ئەردۆغان بۆ هەمان داواکاری دێتەوە، بەڵام نازاندرێ ئەم جارە قەولی دەدرێتێ یان نا.

بەغدا بە تەقاندنى 21 تۆپى دەنگى پێشوازى لە ئەردۆغان دەک...

بەغدا بە تەقاندنى 21 تۆپى دەنگى پێشوازى لە ئەردۆغان دەکات