بۆ دروستکردنەوەی ئاشنایەتی
دوای ساڵانێک لە چۆڵبوونی گوندەکەیان هاوڵاتییانی گوندی مەسۆ کۆبوونەوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
خەڵکی گوندی مەسۆی قەزای پێنجوێن بۆئەوەی ئاشنایەتی لەنێوانیان دروست بکەنەوە لە دەوروبەری گوند ژمارەیەکی زۆری خانەوادەیان کۆکردەوە و دەیانەوێت چەند پرۆژە و کارێکیش بۆ گوندەکەیان جێبەجێ بکەن.
خالید محەمەد یەکێک لە رێکخەرانی کۆبوونەوەکە بە 964ی راگەیاند، ئێستا گوندی مەسۆ تەنیا دوو ماڵی تێدا ماوە و بەشێكیان لە پێنجوێن دەژین و بەشێکیشیان لە سلێمانی، بۆئەوەی دابڕاوی زیاتر دروست نەبێت ئەو کۆبوونەوەیە رێکخراوە.
باسی لەوەشكرد، ئەو کەسانەی بە تەمەنن و لە ساڵانی 90کان لە گوندەکە بوون یەکدی دەناسن، بەڵام ئەوانە ئێستا منداڵەکانیان گەورە بوون و یەکدی ناناسن بۆیە ویستویانە لەپاڵ کەسانی بەتەمەندا گەنجەکانیش ئاشنایەتی بە یەکدی پەیدا بکەن.
بەوتەی ئەوانەی بەشداری کۆبوونەوەکەی خەڵکی گوندی مەسۆ بوون، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیاردراوە لە هەر بنەماڵەیەک کەسێک دیاریبکرێت و ئەنجومەنێک دروست دەکەن، بۆئەوەی راوێژ بە یەکتر بکەن و بەشداریان هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەیان.
گوندی مەسۆ نزیکە لە ناوەندی قەزای پێنجوێن، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هاوڵاتییانی ئەو گوندە نزیکەی 100 کەس ئامادەبوون.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی