ئەمڕۆ تیمی یەکێتی لە حکومەت خەریکی چییە؟
964+
هێرۆ مەولودی – هەولێر
دوای پەیامەکەی دوێنێی مەسرور بارزانی، ئایا ئەمڕۆ تیمی یەکێتی لە ئەنجومەنی وەزیران چی دەکەن؟ دەوام دەکەن یان بایکۆت بەردەوامە؟
بەپێی زانیارییەکانی 964+، ئەو تیمە کە لە جێگری سەرۆک و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و شەش وەزیر پێکدێن، تەنیا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەشداری ناکەن، بەڵکو لە وەزارەتەکانی خۆیان ئیش و کارەکانیان بەڕێوە دەبەن.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، بە میدیا یەکێتی راگەیاندووە، کە بەشداری هیچ چالاکییەکی کابینەی نۆیەم ناکەن “بەڵام بۆ خزمەتی هاوڵاتیان، وەزیرەکانمان دەوامی خۆیان دەکەن”.
دوێنێ یەکشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، یەکێتی بەرپرسە لە بارودۆخی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین.
هەروەها ئەو حیزبەی تۆمەتبار کرد بە رێگریکردن لە کۆکردنەوەی داهاتی حکومەت لەو ناوچانە.
هەر لە دوای وتارەکە، وەزیرەکانی یەکێتی لە گروپی وەتسئەپی ئەنجومەنی وەزیران چوونە دەرەوە.
تیمی یەکیتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجومەنی وەزیران پێکدێت لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، ئارام محەمەد قادر وەزیری خویندنی باڵا، دارا رەشید وەزیری پلاندانان، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ، حەمە سەعید عەلی وەزیری رۆشنبیری، خالید شوانی وەزیری دانوستان لە نێوان هەرێم و بەغدا (کە ئێستا وەزیری دادی عێراقە و بڕیارە شوێنەکەی پڕ بکرێتەوە)، لەگەڵ ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران.