خواستێکی زۆر هەیە
باڵیۆزی ئیتاڵیا: لە رێی کۆلێژەکانەوە زەمالە بە خوێندکارانی هەرێم دەبەخشین
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
باڵیۆزی گشتی ئیتالیا لە عێراق دەڵێت، قوتابیانی عێراق و کوردستان خواستێکی زۆریان هەیە بۆ خوێندن لە ئیتاڵیا و داواکارییەکی زۆری پێشکەشکراوە بۆ وەرگرتنی زەمالە کە ئەوان لە رێی هەماهەنگی لەگەڵ کۆلێژەکان دەیبەخشن.
ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی هەشتەمین دیداری سلێمانی کە لە زانکۆی ئەمریکی بەڕێوە دەچێت، 964 چووە لای ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی گشتی ئیتاڵیا لە عێراق و پرسیاری لێکرد، دەربارەی زەمالەی خوێندن لە ئیتالیا بۆ قوتابیانی عێراقی چی تازە هەیە، ئایا هیچ زەمالەیەک هەیە بۆ قوتابیان؟
لە وەڵامدا بالیۆزی ئیتالیا بە 964ی وت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 رێکەوتن ئەنجامدراوە لە نێوان زانکۆکانی عێراق و کوردستان لەگەڵ زانکۆکانی ئیتاڵی، بە گشتی داواکارییەکی زۆری قوتابیانی عێراق و کوردیش هەیە کە دەیانەوێت بێن بۆ ئیتاڵیا بۆ خوێندن.
وتیشی، هەردوو باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئیتاڵیا لە عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆلێژەکان کار لەسەر بەخشینی زەمالە بۆ قوتابیان دەکەن، “ئەمە رێگەیەکە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و زانست لە نێوان قوتابیان و گەنجانی ئیتاڵی و عێراقی”.
هەشتەمین دیداری سلێمانی کە دوێنی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بە بەشداری دەیان کاربەدەست و کەسایەتی دەستی بە کارەکانی کرد، ئەمڕۆ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
دارشتنەوە: بەهرە محەمەد ئەمین