شوێنیان بۆ دانه‌وێڵه‌ى باڵنده‌كانیش دروست كرد
گوندێكی باڵه‌كایه‌تى راوكردن و داربڕینى له سنووره‌كه‌ى حه‌رام كرد
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌شێكی هاوڵاتیان له گوندێكی ده‌ڤه‌رى باڵه‌كایه‌تى راوكردنى ئاژه‌ڵ و باڵنده و بڕینى داریان له سنووره‌كه‌یان حه‌رام كرد و ده‌خوازن دانیشتووانى دیكه‌ى گونده‌كه‌شیان هه‌مان بڕیار بده‌ن.
گوندى ناوه‌ند، له سنوورى باڵه‌كایه‌تى سه‌ر به ناوه‌ندى قه‌زاى چۆمانه و نزیكه‌ى 40 ماڵى لێده‌ژیت.
ته‌ها ئەحمەد ناوه‌ندى، ژینگه‌پارێز و دانیشتووى ئه‌م گونده به 964ـى وت له سنوورى گه‌ڕه‌كه‌كه‌ى خۆیان له‌م گونده، بڕیاریانداوه داربڕین و راوكردنى ئاژه‌ڵ و باڵنده قه‌ده‌غه و حه‌رام بكه‌ن.
وتیشی “حه‌رامكردنه‌كه‌مان له‌رووى شه‌رعه‌وه نییه به‌ڵكو حه رامكردنێكی دنیاییه و وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌وه‌ى، كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه ناده‌ین، ئه‌م دوو حاڵه‌ته له سنوورى گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان و ته‌نانه‌ت گونده‌كه‌شمان ئه‌نجام بدرێت”.
چه‌ندین کۆلانەی دانەوێڵەشیان بۆ باڵندەکان له ته‌خته و دار دروستكردووه به‌دار و دره‌خته‌كانى سنووره‌كه جێگیریان كردوون، بۆ ئه‌وه‌ى باڵنده‌كان بێ خۆراك نه‌بن.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، هانى ته‌واوى خه‌ڵكی ئاوایی ده‌ده‌ن هه‌مان هه‌ڵوێستیان له به‌رامبه‌ر راوچی و داربڕه‌كان هه‌بێت كه له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوو به‌وهۆیه‌وه ژینگه‌ى گونده‌كه‌یانیان وێران كردووه.
ساڵانی رابردووش بە چاندنی نەمام و گەڕاندنەوەی باڵندە کێوییەکان بۆ ناو سروشتەکە، ژینگه‌ى گونده‌كه‌یان پاراستووه.
به‌قسه‌ى ته‌ها ناوه‌ندى، رێژەی سەوزایی گەڕەکەكه‌یان زیاتر 60% ـه و ده‌شڵێت “هەوڵ نادەین بەهیچ شێوەیەک ئه‌م رێژه‌یه کەم بکەینەوە”.