30 فەرمانبەرن
هەفتەی داهاتوو فەرمانبەرەکانی فەرمانگەی ژینگەی سۆران دادەمەزرێندرێن
964+
پێشەوا محەمەد
وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو فەرمانبەرانی فەرمانگەی ژینگەی سۆران دابمەزرێندرێن و فەرمانگەکەش بکرێتەوە.
لە مانگی 11ـی ساڵی 2022ـەوە فەرمانگەی ژینگەی سۆران فەرمانی دامەزراندنی هەیە، بەڵام تا ئێستا تەنیا بەڕێوەبەری هەیە و بە شێوەیەکی فەرمیش نەکراوەتەوە.
هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە 964ـی راگەیاند، لە دەستەی ژینگەوە پێیان وتراوە هەفتەی داهاتوو فەرمانبەرەکانیان بە شێوەی گرێبەست بۆ دادەمەزرێندرێت و لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
بۆ دامەزراندن لەو فەرمانگەیە ساڵێک زیاترە بە ئۆنلاین لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران فۆڕم پڕکراوەتەوە و ناوی 30 کەس بۆ دەستەی ژینگە نێردراوە.
“من هەر خۆم و بینایەکەین و واش چالاکیی ئەنجام دەدەین و نەوەستاوین لە خزمەتکردن بە ژینگەی سۆران و هەوڵدان بۆ سەوزکردن و پاراستنی”، ئەوەش قسەی هەژار ماهیرە.
هاوڵاتیانی ئیدارەکە ئەگەر بێت و هەر کارێکیان لەو فەرمانگەیە هەبێت، دەبێت بچنە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر.
هەژار ماهیر وتیشی، “ئێمە شەش قەزای دیکەشمان لەسەرە، ئەگەر فەرمانگەکە فەرمانبەرەکانی بۆ دابمەزرێندرێت، ئەوا کارئاسانیی زۆر بۆ کاروباری هاوڵاتیان و پڕۆژەکان دەکرێت و پێویست ناکات بچنە هەولێر”.