کارکردن دەستی پێکردەوە

ریگای بالیسان تەواو دەکرێت

+964
ئاکام غەفور-سۆران

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم بڕیاریدا دەست بە کارەکانی رێگای دؤلی بالیسان بکاتەوە و وەزیری ئاوەدانکردنەوەش هەوڵی حکومەت و وەزارەتەکەی بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی لایەنی جێبەجێکار راگەیاند.

ئەمڕۆ دانا عەبدولکەریمی وەزیر لە دیوانی وەزارەت سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تایبەت بەم پرۆژەیەی کردووە و تیایدا لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکەی راسپاردووە یەکشەممەی داهاتوو کارکردن لە پرۆژەکە دەستپێبکەنەوە
شارەزایان، بەرپرسانی پەیوەندیدار و لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.

کارەکانی تەواو کردنی رێگای بالیسان لە سەرەتای وەرزی زستانەوە وەستاوە، لە مانگی ئازاری رابردوو کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژە بەهۆی دابین نەکردنی بودجە کارەکانی راگرتبوو.

مەهدی مستەفا بەڕێوبەری ناحیەی بالیسان بە 964ـی وت” مەبەست لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانی پرۆژەکە بوو، وەزارەتی ئاوەدان کردنەوەش هەولی تەواو جدی داوە تا شایستە داراییەکانی کۆمپانیا دابین بکرێت و جارێکی تر کارەکان نەوەستن.

سەرچاوەیەکیش لە کۆمپانیای جێبەجێکارەوە بە 964 ی وت ، ئەگەر شایستە داراییەکانمان بۆ دابین بکرێت ئێمەبەبێ وەستان کار دەکەین و لە ماوەیەکی کەمدا رێگاکە تەواو دەکرێت”.

ئەم رێگایە کە نۆژەندەکڕیتەوە سێ ریانی زینەتیر تا شکارتەیە و 23 کیلۆمەتر درێژییەتی، زیاتر لە 7 ملیار دیناریشی تێ دەچێت.
ئەم پرۆژەیە بە رێگایەکی گرنگ و ستراتیژی دادەنرێت چونکە هەم لە نێوان دوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و راپەڕینە و رهەم رێگای بازرگانیە لە نێوان پارێزگای سلێمانی و دەروازەی نێودەولەتی حاجی ئۆمەران.

چەند رۆژێکە دانیشتوانی ناوچەکە رێگاکەیان داخستوە و ناهێڵن بارهەڵگرەکان هاتوچۆ بکەن.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەد ئەمین